بۆ دیاریکردنی رۆژی نیشتمانیی پێشمەرگە 132 ھەزار واژۆ دەدرێتە پەرلەمانی کوردستان

بۆ دیاریکردنی رۆژی نیشتمانیی پێشمەرگە 132 ھەزار واژۆ دەدرێتە پەرلەمانی کوردستان


ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی، ١٣٢ ھەزار واژۆی بۆ دیاریکردنی رۆژی نیشتمانیی پێشمەرگە دەداتە پەرلەمانی کوردستان.

دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی، کە لە زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە١٣٢ ھەزار واژۆیان کۆ کردوەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ١ی٩ی٢٠٢٠ ڕادەستی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن داوا دەکەن رۆژی نیشتمانی پێشمەرگە دیاری بکرێت.

گوتیشی ئەو واژۆیانە دەدرێنە لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان، تاکوو لیژنەکە کاری لەسەر بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان رۆژی نیشتمانیی پێشمەرگە دیاری بکات.

پێشتر و ڕێکەوتی ۲۲/۱/۲۰۲۰ لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ پرسی دیاریکردنی ڕۆژی نیشتمانیی پێشمەرگە کۆ بووەوە و ئەم پرسەیان تاوتوێ کرد و تێکڕای ئەندامانی لینەکە لە هەوڵی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی، پێشوازییان کرد و هەموو ئەندامانی ئەو دەزگایە ڕاسپیردران لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کۆ بکەنەوە.

پێشمەرگە، وشەیەکی کوردییە بۆ جەنگاوەرانی کورد بەكار دێت و ھەندێکیش بە قارەمانانی ئازادی ناویان دەبەن. وشەکە بە مانای «ئەوانەی کە مەرگی خۆیان پێش ھەموو شتێک خستووە لەپێناو پاراستنی نیشتمان» دێت و لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش وەزارەتێکی تایبەت بەناوی "وەزارەتی پێشمەرگە" ھەیە.

لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا لە ھەردوو بەشی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان، پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە و وەک ڕۆڵەیەکی جەنگاوەری ئەمەگناس و بوێر و نیشتمانپەروەر دەناسێنرێن.

ناوی "پێشمەرگە" بۆ یەکەمجار لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ناوی سەربازانی كۆمارەكە بەکار ھاتووە. لەو کاتەشەوە ئەو ھێزانەی لە نێو پارتە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندان، وەک پێشمەرگە ناویان دێت.

ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، جیا لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی کورد، بە ھەزاران داستانی نەمریی خولقاندووە، ھاوکات لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای شەڕی داعش، بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی توانی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنێت و بە دەیان داستانی نەمرییان خولقاند و توانیان ھەرێمی کوردستان و سەروەریی ئەم خاکە بپارێزن و بەھۆی قارەمانێتییەکانی پێشمەرگەوە ناوی لە ئاستی دنیا وەک ھیزێکی ڕزگاركەر و ئاشتیخواز ناسراوە.




باسنیوز
Top