ئەحلام حەجی سەردانی خانەی نەوجەوانانی هەولێر دەکات

ئەحلام حەجی سەردانی خانەی نەوجەوانانی هەولێر دەکات
لە میانەی کار و چالاکییە مرۆییەکانی لە چوارچێوەی رێکخراوی (احلام الطفوله‌)، شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی سەردانی خانەی بێ سەرپەرشتانی هەولێری کرد.



لەم بارەو ئەحلام حەجی رایگەیاند: دوای ئەوەی ناسناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم بەدەست هێنا، پەیامی من وەک شاجوانێک بریتی بوو لە یارمەتیدانی منداڵانی بێ نەوا و سەرپەرشت، بۆیە رێکخراوێکم دامەزراند بە ناوی (احلام الطفوله‌) بۆ یارمەتیدانی منداڵان لە وڵاتی مەغریب، بەڵام دواتر بە پێویستم زانی کارەکانی رێکخراوەکە فراوانتر بکەم، بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاری منداڵانی چەند وڵاتێکی ئەفریقیم کرد، هەروەها سەردانی کەمپی هەرشەمم کرد لە پارێزگای هەولێر کە تایبەتە بە ئاوارەکانی موسڵ و بەپێی ئەو توانایەی کە هەیە هاوکاریم کردن، دواتر لە بەغداش چەند کارێکم بۆ منداڵان ئەنجامدا، هەروەها دوای رزگار کردنی شاری موسڵ بەشداریم لە هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە کرد کە بریتی بوو لە درووستکردن و نۆژەنکردنەوەی سەدان خانوو کە لە ئەنجامی شەڕەکاندا وێران ببوون.

لەبارەی سەردانی بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر حەجی گوتی: پار ساڵ بەبۆنەی جەژنی قوربان سەردانی خانەی نەوجەوانانی هەولێرم کرد و بەڵێنم پێدابوون دووبارە لە جەژن سەردانیان بکەم، بەڵام لەبەر ئەو بارودۆخەی بە هۆی کۆرۆنا هاتۆتە ئاراوە نەمتوانی لە جەژندا سەردانیان بکەم.

هەروەها وتی: ئامانجی من ئەوەیە خەندە بخەمە سەر لێوی ئەو منداڵانە و ئەوەش پەیامی منە لە ژیان، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە کە لە نێو ئەم نەوجەوانانەدا کەسانی بە توانا و زیرەک هەن لە گشت بوارەکاندا بەتایبەتی خوێندن کە سەرەڕای گرفتەکانیان لە ژیاندا ئومێدی ئەوەیان لێدەکرێت سەرکەوتوو بن و سوودیان بۆ وڵاتەکەیان هەبێت٫ هەروەها ئەو نەوجەوانانە بە تەواوی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئەحلام حەجی زیاتر گوتی: لێرەدا دەمەوێ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتانی ئەم خانەیە بکەم بۆ ئەو ئەرکەی کە دەیگێڕن لە پێناو خزمەتکردنی ئەو کەسانەی لەو خانەدا ژیان بەسەر دەبەن و لەبەر هەر هۆکارێک بێت لە کەسوکار و دایک و باوکیان دابڕاون، ئەو خزمەتگوزاریانەی حکومەتی هەرێمی پێشکەشیانی دەکات مایەی رێز و پێزانینە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم لەو ئەرکەی مرۆییەدا.

شاجوانی پێشووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوای خواست وەبەرهێنەران و ئەو کەسانەی توانایان هەیە ئاوڕی جددی لە دۆخی ئەو منداڵانە بدەنەوە، چونکە قوربانی جەنگ و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی نێو خێزانن، و باجی هەڵەیەک دەدەن کە گەورەکان ئەنجامیان داوە.
Top