لە چوار کاژێردا لە هەولێر دەست بەسەر 150 تۆن سەوزە و میوەی قەدەخەکراو دەگیرێت

لە چوار کاژێردا لە هەولێر دەست بەسەر 150 تۆن سەوزە و میوەی قەدەخەکراو دەگیرێت
هەڵمەتێکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بۆ دەست بەسەرداگرتنی بەروبوومی قەدەخەکراو دەستیپێکرد، تیمەکانی قایمقامیەتی هەولێر بە وردی بەدوای ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانە دەگەڕێن کە وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری قەدەخەکردنی داون، لە چوار کاژێردا دەست بەسەر 150 تۆن سەوزە و میوەی قەدەخەکراودا گیرا.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند "لە گەڕانەکەمان تێبینیمانکرد کە خاس، کەلەرم، خۆخ و قەڕنابیت بەروبوومی قەدەخەکراون و لە عەولوەش کڕینی فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، سزای هەموو ئەو کەسانە دەدەین کە بەروبوومی قەدەخەکراو دەهێنن".

لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت لە چەند کاژێری گەڕان و بەدواداچوونەکانیاندا دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 تۆن سەوزە و میوەدا گرت.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت "پێویستیی سلێمانی 41 هەزار تۆن سەوزە و میوەیە رۆژانە، ئەوەی دیکە دەچێتە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بۆیە هەندێک بەروبوومی قەدەخەکراو هەبووە دەستمان بەسەردا گرتوون".

بەپێی لیستێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، 18 جۆر بەروبوومی سەوزە و میوە هاوردەکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، بەڵام زیاتر لە 8 جۆر بەروبوومی کشتوکاڵی کە ناویان لە لیستی قەدەخەکراوەکاندا هاتووە، لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت.

جیهاد ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوە کرد "بەروبوومی قەدەخەکراو، بڵێین و نەڵێین لە بازاڕەکانی سەوزە و میوە هەن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، لیژنەکانی ئێمە لە هەرکوێیەک ئەو بەروبوومە قەدەخەکراوانە ببینن، دەستیان بەسەردا دەگرن".

زۆربەی بەروبوومە کشتوکاڵییە قەدەخەکراوەکان لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە دەڵێن بەروبوومە قەدەخەکراوەکان بە 4 بۆ 5 هەزار دۆلار بەڕێگەی قاچاخ هاوردە دەکرێن.

رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، بە 4بۆ 5 هەزار دۆلار بەروبوومی قەدەخەکراو هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەشڵێت "بەروبوومە قەدەخەکراوەکانیش هەمووی لە سنووری باشماخەوە داخڵ دەبن".

تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ قەدەخەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پاراستنی بەروبوومی ناوخۆی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت و بە قاچاخ بەروبوومی کشتوکاڵی هاوردە دەکرێت.


rudaw
Top