سلێمانی.. زیاتر لە 100 هەزار پێوەری زیرەكی کارەبا بەستراوە
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ، ئاماژە بە دانان و بەستنی پێوەری زیرەكی کارەبا كراوە و تێیدا هاتووە: "پرۆژەی پێوەری زیرەك لە سلێمانی بە شێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوە دەچێت و رۆژانە 500 پێوەر دادەنرێت و تا ئێستا لەسنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 100 هەزار پێوەری زیرەكی کارەبا بەستراون كە دەگاتە رێژەی لە 20%".
لە ڕاگەیەندراوەکدا جەخت لەوەش كراوەتەوە لەگەڵ كەمبوونەوەی پلەكانی گەرما ژمارەی بەستنی پێوەری زیرەك زیاتر دەبێت، چونكە لە وەرزی گەرمادا زۆرێک لە ماڵەكان لەكاتی ئیشكردنی تیمەكانی بەستنی پێوەری زیرەك كارەبایان نابێت.
كاوە عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پرۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبای ماڵان لە سلێمانی رای گەیاند: پێوەری زیرەك زۆربەی كێشەكانی كارەبا چارەسەر دەكات، هەر لە ئۆڤەر لۆد و سووتانی محاویلە و تاوەکو گرفتی كۆكردنەوەی كرێی كارەبای ماڵان".
دانانی پێوەری زیرەک بۆ 1 ملیۆن و 562 هەزار و 515 هاوبەشی کارەبا دەبێت لە تەواوی هەرێمی كوردستان.
پێشتر کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "لەسەر پرۆژەی پێوەری زیرەك زۆر جددین و جێبەجێی دەکەین، چونکە سوودمەندی یەکەم لەو پرۆژەیەدا هاوڵاتیانن، چ لەڕووی رێکخستن و پێدانی کارەبایەکی باشترەوە بێت، یاخود لەڕووی نەهێشتنی پچڕانی کارەبا و باری زۆر لەسەر محاویلە و تۆڕەکانی کارەبا، سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا و دزینی کارەبا ناهێڵێت و بەستن و دانانی پێوەرەکان بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا بێ بەرامبەرە و هیچ تێچوویەکی لەسەر هاووڵاتیان نییە".
باسنیوز
