دوو برای کورد بە بیرۆکەیەکی سەرکەوتوو دەچنە نێو گەورەترین بازاڕی ئۆنلاینی جیهان

دوو برای کورد بە بیرۆکەیەکی سەرکەوتوو دەچنە نێو گەورەترین بازاڕی ئۆنلاینی جیهان
دوو برا بیرۆکەیەکی سەرکەوتوویان هەبوو، بەهۆی زۆریی خواست لەسەر ئەو کاتژمێرانەی بە زمانی سامی نووسراون، بیریان لە چوونە نێو بازاڕی ئۆنلاین و دواتر گەورەترین بازاڕی ئۆنلاینی جیهان کردەوە کە ئەمازۆنە.

رێمان وریا، یەکێک لەو دوو برایە دەڵیت "بەڵێ سەرەتا کە ئەو کاتژمێرەمان دەفرۆشت بە برادەر و خزم، بەڕاستی فریا نەدەکەوتین. پاشان بیرمانکردەوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە بیفرۆشین، تەماشامانکرد ئەمازۆن باشترین رێگەیە. پاشان پەیوەندیمان کرد بە ئەمازۆنەوە و گوتمان دەمانەوێت ببین بە فرۆشیار. دەمانەوێت ئەو شتانەی هەمانە لای ئەمازۆن بیفرۆشین. پاشان ئەوان چەند نووسراوێکیان بۆ ناردین بۆئەوەی پڕیبکەینەوە. دواتر وەرگیراین".

لە دوو ساڵ و نیوی فرۆشیارییاندا، 6 کاڵای جیاواز لەڕێگەی ئەمازۆنەوە دەفرۆشن. فرۆشی ئاسان و دەستکەوتی باش بۆ پەرەپێدانی کارەکەیان هانیداون و بڕیارە مانگی داهاتوو چوار کاڵای دیکەش بخەنەڕوو.

رێمان وریا ئاماژەی بەوە کرد "لە 30٪ بۆ 40٪ی داهاتەکەیان ئەمازۆن دەیبات، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە ئەوان ئەو شتە دەنێرن بۆ کڕیار بە پۆستی خۆی و بە ئۆتۆمبێلی خۆی. هەرکەسێکیش شتەکانی نەوێت، دەیگەڕێنێتەوە و ئەمازۆن خۆی پارەکەی بۆ دەگێڕێتەوە".

رێمان بەرپرسی بەشی ئایتییە و محەممەدی برایشی ئەندازیاری میکانیکە لە بەشی کوالێتی کۆنترۆڵ لە لقی شتۆتگارتی کۆمپانیای مێرسیدس. ئەوان بیرۆکەکانیان لەسەر کۆمپیوتەر دیزاین دەکەن و کۆمپانیای تایبەت لەسەر ئەو دیزاینە، کاڵاکان دروستدەکەن.

محەممەد وریا دەڵێت "کوالێتی گرنگترین شتە لەلای ئێمە و ئەمازۆنیش. بۆیە تاوەکو کوالێتیت باش بێت، ئەستێرەی باش وەردەگریت، ئەگەرنا ئەستێرەی خراپ وەردەگریت. ئەبێت کوالێتیت باش بێت تاوەکو خەڵک ئەستێرەت بدەنێ، چونکە ئەگەر بۆ نمونە، بۆ کاتژمێر بگەڕێیت، ئەو کاتژمێرەی باشترین ئەستێرەی هەیە لەسەری سەرەوە نیشاندەدرێت. لەبەرئەوە زۆر گرنگە. هەرچیمان بوێت لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەدەکەین و دیزاینی شتەکەیان بۆ دەنێرین و داوای یەک نمونە دەکەین، ئەگەر بەدڵمان بێت لە 100٪ ئینجا ژمارەیەکی زۆر داوادەکەین و لە ئەمازۆن دەیفرۆشین. ئەمازۆن مەرجی خۆی هەیە بۆ کوالێتی. شتی منداڵ مەرجی جیاوازتری هەیە".

ئەمازۆن زیاتر لە سێ ملیۆن فرۆشیاری لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. تەنیا لە ئەڵمانیا نزیکەی 240 هەزار فرۆشیار کاڵاکانیان لەو بازاڕە ئۆنلاینە بێ رکابەرەدا دەفرۆشن کە داهاتی ساڵی رابردووی 280 ملیار یۆرۆ بووە.

بەپێی ئامارەکانی ئەمازۆن و دەستەی ئاماری ئەڵمانیا، رۆژانە 44 ملیۆن کڕیاری ئەڵمانی لەڕێگەی ئەمازۆنەوە کاڵا و پێداویستییەکانیان بەدەست دەگات.


rudaw
Top