وەزارەتى خوێندنى باڵا كارنامهكهی بۆ ساڵی نوێی خوێندن له زانكۆ و پهیمانگاكان راگهیاند
له راگهیهندراوهكهدا هاتووه، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتى (29/8/2020) ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆك زانکۆکان، کۆبونەوەى ژمارە (9)ى ئاسایى خۆى بەشێوەى ئۆنلاین ئەنجامدا.
لەکۆبونەوەکەدا کە نوێنەرانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە دواین پەرەسەندن و پێشهاتەکانى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا کرد و تیشکى خستەر سەر پڕۆژەى وەزارەت بۆ دەستپێکردنەوەى ساڵى نوێى خوێندن.
د. ئارام محمد قادر راشیگەیاند: بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (2020-2021) پلان و بەرنامەى تازەمان بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشتوە، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پلان و پڕۆژەی پێشنیازى ساڵى نوێى خوێندن کرد.
بە رەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە:-
خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە (1/9) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە (30/6) کۆتای پێ بێت.
لە نێوان (20/9) تاکو (4/10) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (2020-2021) دەستنیشان بکەن.
سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (2020-2021) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).
خوێندنى وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
ماوەى نێوان (9/1) تاکو (10/4) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبوکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (15) هەفتە کەمتر بێت.
بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2020-2021) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەك ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ راسپاردەى دەکات.
لە (2020/10/11) پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات.
کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.
هەر لە کۆبونەوەکەدا و لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە نوێنەرانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبون، هەریەک لە م. ئەحمەد گەرمیانى و د. نادر مستەفا نانەکەلى لە وتەیەى جیا جیادا ئاماژەیان بە پڕۆژە و بەرنامەکانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کرد بۆ دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش پشتگیرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستانیان بۆ پڕۆژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕوو.
K24
