وەزیری پەروەردە: باشترین بژاردە ئەوەیە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن دوابخەین

وەزیری پەروەردە: باشترین بژاردە ئەوەیە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن دوابخەین


ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەک سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکان دەخاتە ڕوو.

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند: “بە دیدی خۆم باشترین بژاردە ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک دەستپێکی پرۆسەی خوێندن دوابخەین بە ئومێدی کەمبوونەوەی ئاستی کاریگەری ئەم پەتایە، بەڵام لە هەموو شت گرنگتریش بەردەوامی پرۆسەی خوێندنە”.

ئالان حەمە سەعید لە گوتارێکیدا کە بە ناونیشانی “ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن” لە ماڵپەری “کوردستان ٢٤” بڵاویکردووەتەوە و تیایدا ڕای خۆی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە خستووەتە ڕوو و نووسیویەتی”وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی هەیە کە دەتوانێت لەوادەی پێویستدا بەردەستی بکات، بەڵام بەڕێکردنی ساڵێکی خوێندن بە شێوازی ئەلیکترۆنی نابێتە جێگرەوەی پۆل و گەیاندنی سوودی تەواوەتی بە قوتابیان. ناشتوانرێت ئەم خزمەتگوزارییە بەشێوەیەکی ڕەها پێشکەش بە هەموو خوێندکاران بکرێت”.

راشیگەیاندووە”لە ئەنجوومەنی وەزارەت لە 22/08 گفتوگۆیەکی کارا لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کرا، هەموو ئەو بیرۆکانە تاووتوێ کران کە شیمانەن بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هەر بژارەیەکیش بەشێوەیەکی ورد باسیان لێکرا. بۆ ئەم مەبەستەش، بەڕێوەبەرایەتی پلاندانانی وەزارەت وەک پێشنیاز، ڕاپۆرتێکی ئامادەکردبو،. هاوکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێز ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵا، تۆژینەوەیەکی تایبەت کە لە سەر 33 دەوڵەت کراوە لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، تاووتوێ کرا”.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە ئەوە داوە کە ئەنجوومەنی وەزیری بڕیار وادەی دەستپێکردنەویە پرۆسەی خوێندن دەدات، لەمبارەیەوە دەڵێ: “ەگوێرەی «سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتی و خوێندنگە ئامادەییەکان»ی ساڵی 2009، وەزارەت دەسەڵاتی هەیە کە لە پاش ناوەڕاستی مانگی نۆی هەموو ساڵێک دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکاتەوە، بەڵام دەسپێکی خوێندنی ساڵی نوێ لەبەر ئەوەی ڕەهەندێکی تەندروستی هەیە، لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دەستپێک یان دواخستن یان هەر شێوازێکی دیکەی بەردەوامی پرۆسەکە دەدرێت”.

نووسیویەتیشی”دەستپێکی دەوامکردن بە شێوازی «ڕۆژ نا ڕۆژێک» یان شێوازی «هەفتە بە هەفتە» یان شێوازی «دابەشکردنی پۆلێک بۆ چەند گرووپ و هەر گرووپێک ڕۆژێکی هەبێت بۆ خوێندنی زۆرترین وانە»، تاکە یەک خاڵی پۆزەتیڤ لەم شێوازانەدا هەیە، ئەویش کەمکردنەوەی ڕێژەی قوتابیانە لە پۆلدا کە دروست لەگەڵ ڕێنوێنییە تەندروستییەکاندا دێتەوە (بۆ نمونە پۆلێکی 40 قوتابی دەبێتە نیوە) بەڵام جارێکی دیکە بەریەککەوتن بنبڕ ناکات و کاریگەری نێگەتیڤیش جێدەهێڵێت، لەوانەش:- کاریگەریی لە دابەزینی چۆنیەتی (کوالێتی) خوێندن، گرفتی میلاک و وانەگوتنەوە زیاد دەکات، گفتوگۆیەکی جددی دروست دەکات لە پێدانی پێشینە (ئەولەویەت) بە وانەیەکی تایبەت”.








باسنيوز
Top