سەركردەیەكی یەكێتی: بوونی پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەیە

سەركردەیەكی یەكێتی: بوونی پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەیە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە جموجۆڵ و بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنێو سنووری هەرێمی كوردستان، لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە قەدەغەیە.

وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و فەرماندەی پێشووی ھێزەکانی یەکێتی لە کەرکووک، رایگەیاند، ئێستا لە شاری كەركووكدا تەعریب هەیە، هەروەها جموجۆڵی داعش زیادی كردووە و هێزەكانی هاوپەیمانانیش هەم ژمارەیان كەم بۆتەوە، هەم پاڵپشتییە ئاسمانییەكانیان كەمبۆتەوە. بۆیە “ھیچ کاتێک سوپای عێراق بەبێ پێشمەرگە ناتوانێت كۆنتڕۆڵی ناوچەكان بكات و كۆتایی بە گرووپە چەكدارەكان بهێنێت”.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا ، وەستا ڕەسوڵ ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان پشتیوانی لە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكەن و پێیانوایە بە یەكگرتوویی هەردوو حزبەكە، دۆخی ژیانی خەڵكیش باشتر دەبێت. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە ئایندەدا كۆبوونەوە لە نێوان هەردوو حزب دەكرێت و پەیوەندیی نێوانیشیان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.

وەستا رەسووڵ باسی لە بوونی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كرد و ڕای گەیاند: “بمانەوێت و نەمانەوێت پەکەکە بوەتە ئەمری واقیع و هەن، لە کاتێکدا ھەبوونی پەکەکە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە لە ئاوەدانییەکانی كوردستان قەدەغەیە و زەرەرمەندی یەکەم لەم دۆخەش، خەڵكی ئاوەدانی و گوندەکانی کوردستانن”. بە پێویستیشی زانی، لە ڕێگەی گفتوگۆوە هەوڵبدرێت بابەتی پەكەكە چارەسەر بكرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ٨ی ٢٠٢٠، غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر رایگەیاندبوو: "تاوەکوو ئێستا ٦٥ گوندی مێرگەسۆر کە بەشی ھەرە زۆریان کەوتوونەتە ناوچەكانی شێروان مەزن و بارزان، بە ھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا، ئاوەدان نەکراونەتەوە، خەڵکی ئەو گوندانە ھەروەکوو چۆن لە لایەن رژێمی بەعسەوە ماڵ و خاکەکەیان سووتێنرا و ئاوارە و دەربەدەری ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی هەریر و بەحرکە و سۆران و شارەکانی دیکە بوون، لە ساڵی ١٩٩١ یشەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی پەکەکە لەگەڵ سوپای تورکیا، ھەر ئاوارە و دەربەدەرن".

ئەوەشی ئاشكرا كرد: “جگە لەو ٦٥ گوندە لە مێرگەسۆر، ناوچەکانی دیکەش ھەڕەشەیان لەسەرە و لە ٣٠%ی سەرجەم قەزاکەمان ئاوەدان نییە. ئەگەر پەکەکە ئەو شەڕ و ئاژاوەیە لە ناوچەکەمان دوور بخاتەوە، خەڵکی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و کاسبی و بژێویی ژیانی خۆیان دابین بکەن".












باسنیوز





Top