لە ئامەد پیاوێك لە زیندان هەڵاتووە و هاوسەرەكەی کوشتووە

لە ئامەد پیاوێك لە زیندان هەڵاتووە و هاوسەرەكەی کوشتووە
لە گەڕەكی "عەزیزیە"ی سەر بە ئامەد لە باکووری کوردستان، کەسێک بەناوی (و. ی) لە زیندانی ئامەد هەڵاتووە و دوای هاتنەوەی بۆ ماڵی خۆی و لە پێش چاوی كچەكەیەوە هاوسەرەکەی بەناوی "رەمزییە" داوەتە بەر گوللە و کوشتوویە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكان، بڵاویان کردووە (و.ی) بەهۆی ئەوەی بازرگانیی بە مادەی هۆشبەرەکانەوە كردووە، هەروەها چەند دزییەكیشی كردبوو دەستگیر كراوە، بەڵام دوای ماوەیەك لە زیندان هەڵاتووە و هاوسەرەكەی (رەمزیە) دژی ئەو كردەوانەی بووە و گوتوویە دەبێ سزای خۆت وەربگریت، بۆیە ئەویش كوشتوویەتی".

بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، ٧ ساڵ بەرلە ئێستا (و.ی) بە تۆمەتی دزیكردن و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر كراوە، بەهۆی ئەوەی سزایەكەی كەمی مابوو لە زیندان، بۆیە گواستبویانەوە بۆ زیندانی (كراوە)، بەڵام ئەو لە زیندانی كراوەدا رای كردووە.

رەمزییە بە هاوسەرەکەی گووتووە بۆ رادەكەیت و سزاكەت كەمی ماوە، بیكێشە ئەوكات بگەڕێوە، بەڵام (و.ی) پێی گوتووە پێویستە رێگەی بدات لە ماڵەوە وەكوو جاران بە یەكەوە بژین.

كاتێك رەمزییە ئەمەی قبووڵ نەبووە و چووەتە پۆلیس و داوای یاسایی لەسەر تۆمار كردووە، بۆیە (و.ی) لە ناوەڕاستی گەڕەك و بە بەرچاوی كچەكەیەوە رەمزییەی هاوسەری كووشتووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، (و.ی) بۆیە لە زیندان رای كردووە تا هاوسەرەكەی بكوژێت، چونكە بەهانەكانی لاواز بووە و كاتێك داوای كردووە لە ماڵەوە بەیەكەوە بژین، لە كاتێكدا ئەو لە زیندان رای كردووە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك نایاندەتوانی بە ئاسایی بژین و ئەو مەبەستی كوشتنی هاوسەرەكەی بووە و ئەنجامیشی داوە.

هێزەكانی پۆلیس لە ئامەد، بە دوای بکوژەکەدا دەگەڕێن و بۆ ئەمەشیان هەوڵەكانیان چر كردووەتەوە.














باسنيوز




Top