ناسنامەی ئەو چوار کەسەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا سووتان، ئاشکرادەبێت

ناسنامەی ئەو چوار کەسەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا سووتان، ئاشکرادەبێت
ناسنامەی ئەو چوار کەسەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی دووکان - رانیە سووتان ئاشکرا دەبێت و دەرکەوتووە، کوردی ئێزدین و خەڵکی قەزای شێخانن.

دوای ئەوەی پۆلیس و تەندروستی ژمارەی ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانەیان بڵاوکردەوە، کەسوکاریان چوونەتە پزیشکی دادی سلێمانی و ئامادەن بۆ وەرگرتنی تەرمەکان.

ئەو چوار کەسە ژن و پیاوێک و دوو منداڵ بوون کە هەردووکیان کوڕ بوون. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە سلێمانی نیشتەجێبوونە.

بە گوتەی کوڕێکی ئەو خێزانە، دایک و باوکی تەمەنیان لە 45 بۆ 46 ساڵان بووە، براکانیشی تەمەنیان 8 ساڵان و 10 ساڵان بووە.

پێشتر هاونیشتمانییەک لە گوندی سێرچکەی شێخان پەیوەندی بە رووداوەوە کرد و رایگەیاند، ئەو خێزانە خەڵکی گوندی سێچکەی قەزای شێخانن، پیاوەکە ناوی ساڵحە و ژنەکەیشی ناوی لەیلایە.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو خێزانە ویستویانە لە سلێمانییەوە بچنە شێخان، بەڵام تووشی ئەو رووداوە هاتووچۆیە بوون. تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە کەسوکارەکەیان نەیانزانیوە، بە گوتەی کوڕەکەیان لە رێگەی ناسینەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو خێزانەن.

یەکێکی دیکە لە کەسوکاری ئەو خێزانە بە رووداوی گوت، ئەو خێزانە بۆ شێخان نەچوونە، بەڵکو ویستویانە بچن بۆ سەیران و گەشت.


rudaw
Top