وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران كۆدەبێتەوە

وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران كۆدەبێتەوە
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا گەیشتە هەولێر، بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە.

پارلی كە لە دووەم سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشت، لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ کرا.

بڕیارە فلۆرانس پارلی لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە، هەروەها بڕیاریشە سەردانی راهێنەر و راوێژکارە سەربازییەکانی فەڕەنسا بکات کە لە هەرێمی کوردستانن.

بەپێی زانیارییەکان بڕیارە وەزیری بەرگریی فەرەنسا پرسی رووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و بەردەوامیی هاوکارییەکانی فەڕەنسا لە رووبەڕووبوونەوەکانی تیرۆر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكات.

جێی باسە فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٠ راهێنەری سەربازیی هەیە.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە بەغدای پایتەختی فیدراڵی و ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە.











باسنيوز



Top