پەرلەمانتارێک: ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەرە بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەی 2021
بەهجەت عەلی سپینداری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "هەوڵەکان بەرەو ئەوەن کەلە بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت و ئەو ڕێککەوتنەی 15ی ئاب لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە، یارمەتیدەری باش دەبێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەش".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "بڕیارە شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی سەردانەکە ڕێککەوتنە لەسەر بودجە و مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئێمە گەشبینین و باوەڕمان بە تواناکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی دانوستانكار و ستافی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە".
بەهجەت عەلی سپینداری ڕوونیشی کردەوە: "ئەو 320 ملیار دینارە تەنها بۆ چەند مانگێکە، تاوەکوو بودجە پەسند دەکرێت و لە بودجەی ساڵی 2021 پارەکە زیاتر دەبێت و باسی 600 ملیار دیناری مانگانە دەکرێت، ئەوە بەس قسەیە، دیاریکردنی بودجەی مانگانە بەستراوەتەوە بە گفتوگۆکان و بودجە بەگشتی".
بەپێی ڕێکارەکان، دەبێ تاکوو 15ی 10ڕەشنووسی بودجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بنێردرێت.
سپینداری دڵنیایی دەدات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەلایەوە گرنگە لە بودجە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021دا جێگیر بکرێت، هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەپێی دەستوور مافەکانی بدرێن، ئێمە تەنیا داوای مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و شتێکی زیاترمان داوا نەکردووە، بودجەی ساڵی 2021 بۆ کورد جیاواز و باش دەبێت".
باسنیوز
