وردەكاری لەبارەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی خورماتوو ئاشكرا دەكرێت
ڕائید فازڵ عەباس، ئەفسەری بەشی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی گەڕەکی "كۆماری"ی شاری خورماتوو، ڕايگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/8/2020، بۆمبێكی چێندراوی دروستكراوی ناوخۆیی كە لەناو دەبەیەكی پلاستیك بووە، لەبەردەم ماڵی هاووڵاتییەكی كورد بە ناوی (عەبدولخالق سەعید) تەقییەوە و لە ئەنجامدا خۆی و خێزانەكەی و كوڕێكی بریندار بوون".
گوتیشی، برینەكانیان سەخت نییە و پۆلیسیش لەبارەی ئەو ڕووداوەوە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.
بەپێی زانیارییەكان، هەر یەك لە عەبدولخالق سەعید و خێزانەكەی بەناوی شەپۆل نەجات و كوڕەكەی بە ناوی یووسف عەبدولخالق بریندار بوون و پاشان گەیەندراون بە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بەمەبەستی چارەسەركردنی برینەكانیان.
ئەوەش زانراوە، سەرۆكی خێزانە دووكاندارە و هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەسدا نەبووە و ئەو تەقینەویە كردەوەیەكی تیرۆریستی بووە و بۆ هەراسانكردنی هاووڵاتییانی كوردە لەو گەڕەكە كوردنشینە شاری خورماتوو.
ماڵی ئەو هاووڵاتییە كوردە لە تەنیشت دووكانەكانی شارەوانییە و نزیكە لە قوتابخانەی سەربەستی سەرەتایی تێكەڵاو لە گەڕەكی كۆماری خورماتوو.
باسنيوز
