لە هەولێر پیاوێک شۆفێرێکی تەکسی بە حەوت هەزار دۆلار دەکوژێت
تۆمەتبار بەناوی "هـ. م. ع" دانیشتووی گەڕەکی مامۆستایانە لە شاری هەولێر لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت، شۆفێری تەکسییەکە لەگەڵ بنەماڵەیەکی دیکە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و داوایان لەو کردووە لە بەرامبەر حەوت هەزار دۆلار بۆیان بکوژێت.
تۆمەتبارەکە دەڵێت، پاش ئەوەی شۆفێری تەکسییەکە دەکوژێت، بە بنەماڵەکەی رادەگەیێنێت کە کارەکەی بۆ کردوون، بەڵام پێیان گوتووە بە هەڵە کوشتوویەتی و ئەو کەسەی کوژراوە برای ئەو کەسەیە کە بڕیاربووە بیکوژێت، بۆیە پارەکەیان پێنەداوە و تەلەفۆنیان لەسەر داخستووە.
پاش چەند رۆژێک لە رووداوی کوشتنەکەش، تۆمەتبار لەلایەن ئاسایشەوە بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە. تۆمەتبارەکە دەشڵێت، پێشتر لە زیندان کەسێکی ئەو بنەماڵەیەی ناسیوە.
