نرخی نەوت چەند رۆژێکە ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە
چەند رۆژێکە نرخی نەوت ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە، هەریەک لە باهۆزی کەنداوی مەکسیکۆ کە بووەتە هۆی راگرتنی چالاکی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر دەریا و گەشبینی بە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و چین، دوو هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.
ماوەی پێنج هەفتەی یەک لەدوای یەکە، نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا دادەبەزێت. پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، نەوتی کۆگاکراو بە بڕی 4.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، هۆکاری دابەزینی ئەو بڕە زۆرەش باهۆزی لۆرایە لە ئەمریکا کە زیانێکی زۆری لە دامەزراوە نەوتییەکان و بەرهەمهێنانی نەوت داوە، بەشێوەیەک کە بەرهەمهێنانی نەوت لە کەنداوی مەکسیکۆ بە بڕی رۆژانە 1.56 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە کە دەکاتە 84٪ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر دەریای کەنداوی مەکسیکۆ.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی واشنتن و پەکین باس لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوانیان دەکەن. رۆبێرت لایزەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا و ستیڤن منووچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ لیو هی، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە رێککەوتنی بازرگانیی قۆناخی یەکەم کردووەتەوە. بەپێی رێککەوتنەکە، چین بەردەوام دەبێت لە کڕینی نەوت و گازی ئەمریکا.
ئەمڕۆ چواشەممە، نرخی نەوت بۆ پێنجەم رۆژی لەسەریەک بەردەوامبوو لە بەرزبوونەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ سەرووی 46 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ سەرووی 43 دۆلار بەرزبوونەوە، ئەمەش بەرزترین نرخەکانی نەوتە کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تۆمارکراون.
هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بە هێواشی بەرزبوونەوە بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش لەلایەک بەهۆی نیگەرانی لە ئامارەکانی پێنوێنی بەکاربەر لە ئەمریکا کە دابەزیوە بۆ ئاستی شەش ساڵ لەمەوبەر کە هۆکاری سەرەکیی بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئەمریکایە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ لەلایەکی دیکەوە، دووبارە تووشبوونی خەڵکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و شەپۆلی یەک لەدوای یەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانیی لای وڵاتان دروستکردووە سەبارەت بە کرانەوەی تەواوی ئابوورییەکانیان.
rudaw
