هەولێر.. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەناو وەزارەتی تەندروستی نووسینگەی کردەوە

هەولێر.. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەناو وەزارەتی تەندروستی نووسینگەی کردەوە


ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئاشکرای کرد لە نوێترین چالاکیی خۆیدا لە هەرێمی کوردستان، لەناو وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نووسینگەیان کردووەتەوە و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەرز دەنرخێنێت.

لەمبارەوە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستیمان بە ھاوکاریی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەبێت، لەبەر ئەوەی لە وەرزی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە داین، پێوستمان بە ھاوکاری ھەموو لایەکە، بۆ خۆئامادەکردنیش بۆ وەرزی سەرما و رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە، کردنەوەی نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیھانی پاڵپشتییەکی باشە بۆ وەزاەرەتی تەندروستی و رووبەڕوبوونەوەی ئەو پەتایە".

هاوكات وائیل حەتاحیت، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە کردووە و پاڵپشتی ھەوڵەکانیشیان دەکەین و رێکاری باشیان گرتووەتەبەر و بە کردنەوەی نووسینگەکەشمان دەمانەوێت پاڵپشتیی زیاتری كەرتی تەندروستیی كوردستان بكەین، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا".

هاوکات دوێنێ چوارشەممە ھەر یەك لە كۆنسولی ئەمریكا لە ھەولێر و رێكخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) و نەتەوە یەكگرتووەكان ھاوكاریی پزیشكی و پێداویستیی تەندروستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پێشكەش بە وەزارەتی تەندرووستی كردووە، كە بریتین لە 6 ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، 60 ئامێری ھەناسەدان بە بڕی 105 ھەزار دۆلار و پێداویستیی دیكەی پزیشكی، بڕیاریشە لە مانگی داھاتوودا دووەم كاروانی ھاوکارییەکانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی بگاتە ھەرێمی کوردستان".











باسنیوز
Top