نێچیرڤان بارزانی: بارزان مەلا خالید نموونەی مرۆڤێکی دڵسۆزی خزمەتکارە
لە دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بارزان مەلا خالید "لە راپەڕیندا دەنگێكی ديارى ورەبەخش بوو بۆ پێشمەرگە و خەڵكی راپەڕیوی كوردستان، دواتریش وەك ئەندامی پەرلەمان و بریكاری وەزیری رۆشنبیری خزمەتی بواری رۆشنبیریی كرد".
بارزان مەلا خالید، کادیری دێرینی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و بریکاری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 25ی ئاب بە نەخۆشیی دڵ، کۆچی دوایی کرد.
دەقی پرسەنامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بۆ بنەماڵە و كەسوكاری تێكۆشەری دێرین بارزان مەلا خالید
بۆ كۆچی دوایيی میدیاكاری ناوداری شۆڕش و تێكۆشەری دێرین خوالێخۆشبوو بارزان مەلا خالید، سەرەخۆشی لە خۆمان و ئێوەی بەڕێز و هەموو دۆست و هەڤاڵانی دەكەین. له خواى مهزن داواكارین گيانى شاد بكات و بيخاته بهر بهزهيى و ميهرهبانيى خۆى.
خوالێخۆشبوو بارزان مەلا خالید، نموونهى مرۆڤێكى دڵسۆزى خزمهتكار و پهروهردهى بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕه، زۆر له كۆنهوه باوك و بنەماڵەكەيان پشتیوانى شۆڕشەكانی كوردستان بوون، خۆيشى لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دەنگی ناسراوی ئيزگەی دەنگی كوردستانی عێراق و لە شۆڕشی گوڵانيش بە هەمان شێوە بەردەوام بوو. لە ڕاپەڕیندا دەنگێكی ديارى ورەبەخش بوو بۆ پێشمەرگە و خەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان، دواتریش وەك ئەندامی پەرلەمان و بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری خزمەتی بواری ڕۆشنبیری كرد. كەسێكی تێكەڵاوی خەڵك و خۆشەویست بوو. يادى ئهو به خەبات و خزمهتى خۆى بۆ گهل و وڵاتهكهى ههميشه به زیندوویی دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
rudaw
