لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 نەخۆشخانەی حکومی بۆ کۆرۆنا تەرخانکراون

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 نەخۆشخانەی حکومی بۆ کۆرۆنا تەرخانکراون
هاونیشتمانییەک بە بیانووی کۆرۆنا نەشتەرگەریی منداڵبوونی هاوژینی کوڕەکەی لە نەخۆشخانەی حکومی بۆ نەکراوە، هەربۆیە نەچاربووە بە 600 هەزار دینار لە نەخۆشخانەی تایبەت نەشتەرگەرییەکە بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێکی بەرچاو لە نەخۆشخانە حکومییەکان تایبەت کراون بۆ چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کاوە جەلیل فەرمانبەرە و دەڵێت "زۆر سەردانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونمان کردووە، هیچیان نەکرد، ناچاربووین هاتین بۆ نەخۆشخانەی تایبەت، واتە بە ویستی خۆمان نەهاتووین، ئێستا هەموو شتێک بووە بە کۆرۆنا، دەڕۆی دەڵێی گورچیلەم دێشێ، دەڵێن چارەسەر نییە، کۆرۆنا هەیە. دەڵێی سەرم دێشێ، دەڵێن چارەسەر نییە بڕۆ دەرەوە، کۆرۆنا هەیە، کۆرۆناکەش چارەسەری نییە نەخۆشخانەی حکومی کۆرۆنای لێیە، بەڵام تایبەت لێی نییە، هۆکار چییە، من لە حکومەت دەپرسم".

عوسمان وەلی باوکی چوار منداڵە لە زگماکەوە نابینایە و شەکرەشی هەیە؛ ئێستا خراپیی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە حکومییەکان بەهۆی کۆرۆناوە ئەوەندەی دیکە قورسایی سەر شانی زیاتر کردووە، دەڵێت "نەخۆشیی شەکرەم هەیە، خێزانەکەشم نەخۆشیی دەروونیی هەیە، کوڕێکیشم هەیە کە نەخۆشیی سەرعی هەیە، تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەیەک دیارینەکراوە من بڕۆم دەرمانەکەی خۆم لەوێ وەربگرم لەبەر بارودۆخی کۆرۆنا. بۆ منداڵەکەشم هەمان شتە، نازانم بچم لە کوێ وەریگرم".

عوسمان دەڵێت، تەنیا 150 هەزار دینار مووچەی کەمئەندامییان هەیە، ئەگەر خەڵکیش یارمەتییان بدات باشە.

د. شوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سەنتەری شەهید لەیلا قاسم بۆ نەخۆشیی شەکرە دەڵێت "بەشی چاومان کە نەخۆش پێویستی بە نەشتەرگەریی ئاوی سپی دەبێت یان نەشتەرگەریی ئاوی رەشە یاخود شەبەکەیە، ئەو حاڵەتانە دەبێت بیاننێرین بۆ نەخۆشخانەکان، بەڵام ئێستا کێشەمان هەیە، تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەی کۆماری هەبووە، بەڵام ئەویش خەریکە دابخرێت".

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 نەخۆشخانەی حکومی بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانکراون. نەخۆشخانەی رزگاری کە یەکێک بوو لە گەورەترین نەخۆشخانە حکومییەکان و ژمارەیەکی زۆر نەشتەرگەریی رۆژانە تێدا ئەنجامدەدرا، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بەتەواوی تەرخانکرا بۆ تووشبووانی ڤایرۆسەکە.




rudaw
Top