وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی تەماتە تاوەکو کاتێکی نادیار قەدەخە دەکات
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە دەرچووە و واژۆی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەسەرە، هاوردەکردنی تەماتە لە 27ـی ئەم مانگەوە قەدەخە دەکرێت و تاوەکو "کاتێکی نادیار" بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، تەنیا رێگە بەو بەروبوومانە دەدرێت کە مۆڵەتی هاوردەکردنیان وەرگرتووە، "تاوەکو دەرچوونی ئەم نووسراوە بە رەچاوکردنی وەرگرتنی باج لێیان بەپێی خشتەی باجی ئەمساڵ، نابێت هیچ مۆڵەتێکی نوێی هاوردەکردن بدرێت لەدوای ئەم نووسراوە".
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "لەپێناو پاراستنی بەرهەمی جووتیارانی پێنجوێن، حاجی ئۆمەران و باقی جووتیارانی کوردستان کە ئێستا بەرهەمیان پێگەیشتووە" ئەو بڕیارەیان داوە.
بێگەر تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، باجی سەر تەماتە 600 دینار بۆ هەر کلیۆیەک زیادکراوە.
rudaw
