بەخشینی پلازمای خوێن لە لایەن چاكبووانی كۆڕۆنا لە زیاد بوونە

بەخشینی پلازمای خوێن لە لایەن چاكبووانی كۆڕۆنا لە زیاد بوونە
ئەگەرچی لە ماوەی پێشوودا بەخشینی پلازمای خوێن زۆر كەم بوو، بەڵام بەپێی ئامارێكی فەرمیی، هەزار و 483 كەس لە هەرێمی كوردستام پاش چاكبوونەوە لە كۆڕۆنا پلازمای خوێنیان بەخشیووە كە زۆربەیان لە هەولێر بووە. بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیش باس لە وردەكاریی بابەتەكە دەكەن.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوەكوو ئێستا 2 هەزار و شەست و حەوت نەخۆشی کۆڕۆنا پلازمای خوێنی نەخۆشانی چاکبووی کۆڕۆنایان وەرگرتووە.

دوای دوو جار بانگەوازی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو نەخۆشانەی لە کۆڕۆنا چاکبوونەتەوە بۆ بەخشینی پلازما، هەزار و 483 هاووڵاتی دوای چاکبوونەوەیان پلازمایان بەخشیووە.

لەسەرێكی تر بەپێی ئامارێكی تەندروستی هەولێر، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 700 چاكبووی كۆڕۆنا پلازمای خوێنان بەخشیووە.

ھەرکەسێک کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە و چاکبۆتەوە و پاش ماوەی 14 بۆ 20 رۆژ دوای چاکبوونەوە دەتوانێت پلازما ببەخشێت بۆ نەخۆشی تر.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رايگەیاند: "پێدانی پلازمای چاكبووانی كۆڕۆنا بە تووشبووانی كۆڕۆنا لە پڕۆتۆكۆڵی چارەسەری هەیە لە هەرێمی كوردستاندا، چەند جارێك بانگەوازمان كردووە بۆ بەخشینی پلازما، بە دەنگەوە هاتن هەیە، بەڵام چاومان لەوەیە زیاتر بكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا سوودیان لە پلازمای خوێن وەرگرتووە بۆ چارەسەری هەندێك لە تووشبووان، گوتیشی: "پلازمای خوێن زۆر گرنگە بۆ تووشبووانی كۆڕۆنا، لەسەر راسپاردەی چارەسەری پزیشكی پسپۆڕ دەدرێت بەو كەسانەی پێویستیان پێی هەیە".

وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەكوو بڵاوبوونەوەی كۆِرۆنا بەردەوام بێت، پێویستیان بە پلازمای خوێنی چاكبووانی كۆڕۆنا هەیە، بۆیە داوای كرد، ئەوانەی نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە پلازمای خۆیان ببەخشن.

د. خاڵس قادر ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕايگەیاند: "نەخۆشانی كۆڕۆنا ئەوانەی حاڵەتەكانیان بە مام ناوەند ئەژمار دەكرێت، پێدانی پلازمای خوێنی چاكبووان بۆیان گرنگە و دەركەوتووە، كە دوای وەرگرتنی پلازماكە سوودیان لێوەرگرتووە و لە كۆڕۆنا رزگاریان بووە".

ئەوەشی خستەروو مەرج نییە، پلازمای خوێن بۆ هەموو تووشبووانی كۆڕۆنا چارەسەربێت، بەڵكوو بەشێكیان سوودی لێوەدەگرن و هەندێكی تر بۆیان نابێتە چارەسەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەختی كردەوە ئەوانەی لە كۆڕۆنا رزگاریان بووە پێویستە پلازمای خوێن ببەخشن.

هۆشیار یاسین، بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر رایگەیاند: "چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پلازمای خوێنیان بەخشیوە، بەڵام زیاتر پێویستمان پێیە و داوا دەکەین چاکبووەوانی کۆرۆنا بەدەم بانگەوازی ئێمەوە بێن و سەردانمان بکەن بۆ بەخشینی پلازما".

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 15ی7ی2020 ئاشکرای کرد یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ وەرگرتنی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە لەم نەخۆشیەیە.

بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر باس لەوە دەکات، "پاش بانگەوازەکانی وەزارەتی تەندروستی بەدەمەوهاتنێکی باش هەبووە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئەوانەی بەتووندی پەتاکەیان گرتووە، پێویستیمان بە زیاترە".

پلازمای خوێنی چاکبووەوان لە کۆرۆنا، لەڕێگەی ئامێرێکی تایبەت وەردەگیرێت، هۆشیار یاسین دەڵێ: "سێتی ئەو ئامێرە کە بۆ یەک نەخۆش بەکاردێت نزیکەی 400 هەزار دینار لەسەر حکوومەت دەکەوێت، بەڵام ئێمە ژمارەیەکی زۆر سێتمان بۆ دابینکراوە و چەند ژمارەی بەخشەری پلازما زۆر بێت، کێشەمان نابێت".

لە سالی 1890 بۆ یەکەم جار پلازمای خوێن دژی نەخۆشی کۆکەڕەشە بەکارھاتووە و دواتریش لە سالی 1918 بۆ پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی بەکارھاتووە، ھەروەھا بۆ ئیبۆلا و جۆرەکانی تری کۆرۆنا بەکارھاتووە بەم دواییانە.

پزیشكان رایدەگەیەنن: "بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش بە ھەمان شێوە پلازمای کەسی چاکبوو کە پڕیەتی لە دژەتەن بۆ ڤایرۆسەکە کاتێک دەدرێتە نەخۆش ئەوا دژەتەنەکانی ناو پلازماکە کە تایبەتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڤایرۆسەکە دەگرن و نایەڵن چیتر خانە داگیربکات و تێکی بشکێنێت و زیاد بکات، بەمەش یارمەتی لەش دەدات بۆ لە ناوبردنی خانە تووشبووەکانی تر و چاکبوونەوە".












باسنيوز

Top