10 هەزار پزیشك و كارمەندى ته‌ندروستى لە بڕیارێكی سەرۆكی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان سوودمەند دەبن
بەرپرسێکی وەزاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، باس لە وردەكاریی ئەو هاندانە دەكات، كە لەلایەن سەرۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوە، دەڵێت:" 10 هەزار پزیشك و كارمەندی وەزارەتی تەندروستی، لەو بڕیارە سوودمەند دەبن".
د. خاڵس قادر ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوان له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگەیاند: "ئەو هاندانەی سەرۆكی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان بڕیاری له‌سه‌ر داوە، بۆ ئەو كەسانەیە كە لە ماوه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنادا دەوامیان كردووە، لەوانە پزیشكان، كارمەندانی تەندروستی، كارمەندانی كارگێڕیی، تیمەكانی وەرگرتنی نموونەی پشكنین، تیمەكانی 122، تیمی ئەمبوڵانس، بنكەكانی پشكنین و تیمەكانی پاراستنی تەندروستی".
گوتیشی: "ئەوانەی كاریان كردووە لە بواری كۆنترۆڵی په‌تاى كۆرۆنا لە سەرەتای بڵاوبوونه‌وه‌ى پەتاكە تاوەكوو ئێستا، هاندانەكەیان بۆ خەرج دەكرێت، كە زیاتر لە 10 هەزار پزیشك و كارمەندى ته‌ندروستى دەگرێتەوە".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوان له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌شى خسته ڕوو، پارەی هاندانەكە دابەشی سەر سێ گرووپ دەكرێت، ده‌شڵێت: "بڕی پارەكە بەگوێرەی دەوامكردن و ئەو مەترسییانەی لەسەریان بووە جیاوازی هەیە، كارمەند و پزیشك هەیە بەردەوام لە دەوام بووە، هەیە كەمتر دەوامی كردووە، لەوانەیە هەفتەی ڕۆژێك یان دوو رۆژ بووە، هەیە لە مەترسییەكان لە پێشەوە بووە، هەیە كارێكی ئاسایی كردووە، بۆیە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە پارەكە دابەش دەكرێت".
د. خاڵس قادر ئه‌حمه‌د ئاماژەی بەوەش دا لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەكە دابەش دەكرێت، ڕوونیشى كرده‌وه: "جارێ ئەو بڕە پارەیە دیار نییە، كە هەر كەسێك وەریدەگرێت، هاندانەكە ئێستا بۆ یەك جارە، بەڵام هەوڵ دەدەین بۆ داهاتووش بەردەوامی هەبێت".
رۆژی 20/8/2020، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕاى گه‌یاند: "مه‌سرور بارزانى، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی تایبەت پێشكەش بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەكات، كە لە نەخۆشخانەكاندا بەردەوام لە ئەركدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، هەروەها سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕێك خەرجی ھاندان پێشكەش بە پزیشك و كارمەندان كردووە و بەپێی میكانزمێك هاندانەكەیان بەسەردا دابەش دەكرێت".
باس‌نیوز
