مەسروور بارزانی دەستخۆشی لە بەرپرسانی گەرمیان دەکات لەسەر مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران

مەسروور بارزانی دەستخۆشی لە بەرپرسانی گەرمیان دەکات لەسەر مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەران
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان تاوتوێی دۆخی سنوورەکەی کرد و دەستخۆشیی لە بەرپرسانی دەڤەرەکە کرد.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە لەکاتی دروستبوونی پشێوی و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حکومەت و موڵک و ماڵی گشتی و هاونیشتمانیان لە سنووری گەرمیان، "بەرپرسانی دەڤەرەکە بەرپرسانە رەفتاریان کردووە و هەوڵی پاراستنی موڵکی گشتی و خەڵکیان داوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "بەداخەوە خەڵکێک هەوڵدەدات داوای رەوای هاووڵاتییان بۆ مەرامی سیاسی و شەخسیی خۆی بەکاربهێنێت و هانی خەڵک دەدەن بۆ تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی و پشێوی نانەوە، ئەم رەفتارانەش بە تاوان دادەنرێن و پێویستە ئەنجامدەرانی، رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر".

مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی نەخوازراوی تەندروستی و قەیرانی دارایی، کە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەی بەوە دا "تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەماهەنگی و هاوکاریی هەموو لایەکی پێویستە".

لەدوای گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی رۆژی 22ی ئابی شاری کەلار، بەشێک لە خۆپێشاندەران لەنێو بازاڕ ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ دواتر بەشێکیان بەرەو باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە رۆیشتن و ئاگریان تێبەردا، ناوە ناوەش دەنگی تەقە لە نزیک باڵەخانەی قایمقامییەت دەبیسترا.




rudaw
Top