شارەوانیى هەڵەبجە: بەشێک لەو دۆکیۆمێنتانەی لە کیمیاباران لەناونەچوون شەوی رابردوو سووتێنران
ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند "دواى کاژێر 10:00ى شەو کۆمەڵێک کەسى نابەرپرس هەڵیانکوتاوەتە سەر فەرمانگە حکومییەکان، بەڵام زیانەکان ماڵین نەک گیانى، دادگامان ئاگادارکردووەتەوە، هەرکەس بەرپرس بێت لێپێچینەوەى لەگەڵ بکرێت".
کوێستان ئەکرەم، سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە گوتی "بەشى ئەوەلیات و مەلەفەکانى هەڵەبجە کە هەندێکیان پێش ساڵی 1988 بوون و لە فایلدا بوون، هەمووى سووتاون و بە ئاسانى دروستنابنەوە".
خۆپیشاندان لە هەڵەبجە کاژێر 05:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە 22ی ئاب دەستیپێکرد، بەڵام قڵیشانەوە و هەڵکوتانەکان لە 10:00ی شەوەوە سەریهەڵدا، هێزە ئەمنییەکانیش نەیانتوانی دۆخەکە دەستبەجێ کۆنترۆڵ بکەن تاوەکو کات گەیشتە 02:00ی نیوەشەو؛ هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە دەگوترێ خۆپیشاندەران دەمانچە، کڵاشینکۆف و ئێم فۆڕیان پێبووە.
بەسام عەلى، بەرپرسى لقى 12ى پارتى دەڵێت "ئەوەى جێگەى پرسیارە، بۆ لەو هەموو حیزبەدا تەنیا پارتى، لەکاتێکدا ئێمە هیچ بەرپرسیارێتییەکمان نییە و بەردەوام لەنێوان خەڵک و سەرەوەى دەسەڵاتدا، عاملى خێر بووین".
هەروەها هەردى سەرکەوت، گوتەبێژى قایمقامییەتى ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوى گوت "لە سووتانى دوو ئۆتۆمبێل و دوو فەرمانگە بە نزیکەیی 100 ملیۆن دینار زیانیان پێگەیشتووە و 10 کەس لە پۆلیس و ئاسایش برینداربوون، لەڕێگەى کامێراى چاودێریشەوە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە".
تاوەکو ئێستا کەس لەسەر پشێوییەکان دەستگیر نەکراوە، رێکارە یاساییەکان دەستیانپێکردووە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەشێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە دەزانن دەناسرێنەوە، لە دەرەوەی هەڵەبجە خۆیان حەشارداوە.
rudaw
