ئەو کچە ئێزدییەی ئازادکرا دەڵێت: ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەم

ئەو کچە ئێزدییەی ئازادکرا دەڵێت: ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەم
حەلا مەحلۆ، ئەو کچە کوردە ئێزدییەی کە ساڵێک و حەوت مانگ پێش ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکەی داعش لە کەرکووک دەستگیرکرا، دوای ساڵانێک دووری و دیلی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ئافرەتان و منداڵانی هەولێر بە کەسوکاری شادبوویەوە.

حەلا مەحلۆ دەڵێت "سوپاس بۆ خودا کە حکومەت منی رزگارکرد، سوپاسی هەمووتان دەکەم هیچ کێشەیەکم نەما و دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەم و ناخۆشییەکانی پێشتر لەبیردەکەم".

دەخیل مەحلۆ، برای حەلا مەحلۆ لەبارەی هاوکاریکردنیان گوتی "ئێزدی بێت یان موسڵمان بێت، هەرکەسێک کە هاوکاریی ئێمەی کردووە سوپاسی دەکەین، سوپاسی ماڵی سەرۆک بارزانی دەکەین". دایکی حەلاش دەڵێت "دڵم زۆر خۆشە و ماڵی هەمووان ئاوەدان بێت".

حەلا خەڵکی ناحیەی گرعەزێری سەربە قەزای شنگالە، لە 3ی ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندرا و جگە لە خۆی لە پێنج هەزار ماڵباتی ئەو ناحیەیە، زیاتر لە 500 کەس دەستگیرکران و بە هەزاران کەس ئاوارە بوون.

میر هەرمان میرزا بەگ، نوێنەری میری ئێزیدیان ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی دوو هەزار کەس هێشتا لە دەست چەکدارانی داعش ماون و "ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە ئازاد دەبن ئێمە رێزیان لێدەگرین".

کاتێک کە حەلا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرا تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، ئێستا دوای زیاتر لە شەش ساڵ گەڕاوەتەوە باوەشی دایک و براکەی خۆی؛ وەکو خۆیان دەڵێن، هیوای داهاتوویان ئەوەیە کە باوک و سێ برا ونبووەکانیان ببیننەوە و لە زێدی خۆیان یەکبگرنەوە.


rudaw
Top