نووسەرێکی هەڵەبجە: پەلاماردانی دامودەزگا حكوومییەكان لە هەڵەبجە كولتووری تاڵانچێتییە

نووسەرێکی هەڵەبجە: پەلاماردانی دامودەزگا حكوومییەكان لە هەڵەبجە كولتووری تاڵانچێتییە
نووسەرێکی هەڵەبجە رەخنەی توند لەو كەسانە دەگرێت كە لە ژێر ناوی خۆپیشاندانەوە هێرشیان كردە سەر دامودەزگا حكوومییەكان لە شاری هەڵەبجە و سووتاندیان.

کۆچەر ئەنوەر میرزا، نووسەر و رۆشنبیری شاری هەڵەبجە، لە نووسینێکیدا كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) لە ژێر ناوی “ئەوەی بە ناوی ئازادییەوە دەكرێت، هیچ نییە جگە لە ئەتککردنی ئازادی” بڵاوی كردۆتەوە، رەخنەی توندی لە هێرشكەرەكانی شەوی ڕابردووی سەر بارەگا حكوومییەكانی هەڵەبجە و بارەگای پارتی گرتووە و رای گەیاندووە: “پەلاماردانی دامودەزگا حکوومییەکان ڕەنگدانەوەی عەقڵی خێڵەکیی کولتووری تاڵانچێتییە، دەبوو خەڵکی هەڵەبجە سوودی لەو ئەزموونە تاڵانەی ڕابردوو وەربگرتایە کە هەمیشە کراوەتە قوربانی و باجی قورسیشی داوە، دەبێت خەڵکی هەڵەبجە زۆر هۆشیار بن و منداڵەکانیان نەکەنە خۆراکی ئەم بێسەروبەرییە”.

ئاماژەشی بەوە كردووە كە كەسانێك بە ناوی ئازادییەوە پەلاماری موڵكی گشتی دەدەن، لە كاتێكدا ”ڕێگای ئازادی لە سووتاندنی ماڵەکانی خۆمانەوە دەست پێناکات، موڵکی گشتی لە ماڵەکانی خۆمان گرنگترن“.

ئەو نووسەرە دەڵێت: “گومان دەکەم ئەمە کاری خەڵکی مشەخۆربێت، بۆ سوود و بەرژەوەندیی خۆیان و ئەوانەی ناردوونی ئەم کارە دەکەن، چونکە کاتێک شارەوانی دەسووتێنن، دەیانەوێت کۆمەڵێک زەوی و موڵکی تایبەتیی و گشتی داگیر بکەن، ئەمەش باشترین هەلە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان”.

لە کۆتاییدا داوا لە خەڵکی هەڵەبجە دەكات، زۆر وریا بن، چونکە ”خەڵکانێکی نەخۆش هەن، چاویان بەم شارە هەڵنایە و هەمیشە بۆ هەلێک دەگەڕێن تا قینی ڕەشی خۆیان بەسەر ئەم شارە بەشمەینەتەدا بڕژن“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە شەوی ڕابردوو، كەسانێكی چەكدار لە ژێر ناوی خۆپیشاندەر، بارەگای فەرمانگەی شارەوانیی هەڵەبجە و بنكەی هاتوچۆی هەڵەبجە و چەند شوێنێكیان سووتاند و تەقەیەكی زۆریشیان لە بارەگای لقی ١٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.











باسنيوز




Top