لە كەلار بەهۆی پەلاماری خۆپیشاندەران راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان راگیرا

لە كەلار بەهۆی پەلاماری خۆپیشاندەران راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان راگیرا
بەهۆی پەلاماری خۆپیشاندەران و زیانگەیاندن بە سیستەمی كارەبای قایمقامیەتی قەزای كەلار، مامەڵەی هاووڵاتیان و راییكردنی كارەكانیان لەو فەرمانگەیە راگیراوە.

هەردی سەركەوت، گوتەبێژی قایمقامیەتی قەزای كەلار رايگەیاند: "لە ئەمڕۆ یەكشەممە 23/8/2020وە ڕێکخستن و راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیانی قەزای كەلار و دەوبەروی لە قایمقامیەتی قەزای كەلار، بەهۆی پەلاماری شەوی ڕابردووی خۆپیشاندەران، راگیراوە."

گوتیشی: "هۆكاری راگرتنی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سیستەمی كارەبای قایمقامیەت لە ئەنجامی سووتان و پەلاماری هەندێك لە خۆپیشاندەران زیانی پێ گەیشتووە، بۆیە تا ئەو گرفتە چارەسەر نەكرێت، مامەڵەی هاووڵاتیان ڕایی ناکرێت."

لەمبارەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە موقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رايگەیاند، لە ئەنجامی بەردهاوێشتنی ئەو كەسانەی خۆیان وەك خۆپیشاندەر ناساندبوو، ٩ كارمەندی پۆلیس لە سەنتەری قەزای كەلار بریندار بوون.

هەر لە ڕووداوەكانی دوێنێی كەلاردا، بەشێكی زۆری بینای قایمقامیەتی كەلار و شوێنەكانی تایبەت بە مامەڵەی خانووبەرەی هاووڵاتییان و دەیان هەزار بەڵگەنامەی موڵكایەتیی خەڵكی سووتێندران. ئۆتۆمبێلێكیش سووتێندرا كە موڵكی هاوبەشی كارمەندێكی پۆلیس و براكەیەتی.

دوێنێ لە چەندان شوێن، كەسانێكی زۆر كە خۆیان وەك خۆپیشاندەر ناساندبوو، گردبوونەوەیان ئەنجام دا، دواتریش لە كەلار و هەڵەبجە هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە گوللەش تەقەیان لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە كرد.













باسنيوز



Top