هه‌ولێر.. كچێكى كوردى ئێزدیی ڕزگاربووى ده‌ستى داعش ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ لاى خێزانه‌كه‌ى
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 23/8/2020، د. ڤیان سلێمان، سه‌رۆكى یه‌كێتیى ئافره‌تانى كوردستان له پرێس كۆنفرانسێكدا باسى كچێكى كوردى ئێزدى كرد به ناوى (حه‌لا)، كه ڕزگاربووه له ده‌ستى تیرۆستانى داعش و ئاماژه‌ى به‌وه دا، كه ئه‌و كچه شه‌ش ساڵ له‌ژێر ده‌ستى داعش بووه، به‌هۆى شڵه‌ژانى بارى ده‌روونییه‌وه، سه‌ره‌تا ناوى خۆى له‌بیر نه‌ماوه و بنهماڵهكهشى نه‌ناسیوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌شى خسته ڕوو: "حه‌لا میوانێك بووه لاى ئێمه، دواى ئه‌وه‌ى ورده ورده شڵه‌ژانى ده‌روونى له‌سه‌ر كه‌م بووه‌وه، ناوى خۆى و بنهماڵهكهشى به‌بیر هاته‌وه، له خۆشه‌ویستیشى بۆ دایك و باوكى، دهستبهندێكى دروست كردووه و پیتى یه‌كه‌مى ناوى دایك و باوكى له‌سه‌ر نووسیوه".
سه‌رۆكى یه‌كێتیى ئافره‌تانى كوردستان داواشى كرد هاوكاریی زیاتر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى كچه كورده ئێزدییه‌كان بكرێت، كه ئێستا له‌ژێر ده‌ستى داعش ماونه‌ته‌وه.
د. ڤیان سلێمان ڕوونیشى كرده‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و كچه كورده ئێزدییه، ڕاده‌ستى بنه‌ماڵه‌كه‌ى كرایه‌وه.
باسنيوز
