تاوەکو ئێستا چۆنیەتیی جێبەجێکردنی سزای نەبەستنی دەمامک روون نییە
چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بووەتە جێگەی پرسیاری خەڵک، هەر کەسەی بە تێڕوانینی خۆی لێکدانەوە بۆ بڕیارەکە دەکات.
فەرمان عەلی، کاسبکارە و دەڵێت، "بۆ نموونە پۆلیسی هاتووچۆ کە سزات دەدات بۆ پارەکەیە، نەخێر، بەڵکو بۆ سەلامەتیی شوفێر و کەسەکانە. ئەو بڕیارەش ئاوایە بۆ سەلامەتیی ئێمەیە و بڕیارێکی زۆر باشە".
هەڤاڵ دەهام، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "پێویستە خۆمان هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەین کە دەمامک ببەستین بۆ ئەوەی خۆمان و دەوروبەرمان بپارێزین. بەڵام بۆ بڕیارەکەی حکومەت و وەرگرتنی 20 هەزار دینار لەو کاتەدا لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییە گونجاو نییە و بڕیارێکی نابەجێیە".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بە پارێزگاکان سپاردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و رێنمایی بۆ دانەنراوە، بۆیە تاوەکو ئێستا نازانرێت بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.
دوو رۆژە بڕیاری سزای نەبەستنی دەمامک بە 20 هەزار دینار تەنیا وەک مرەکەبی سەر کاغەز ماوەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەبەست لەوە بێت کەسێکی پیادە کە لەناو بازاڕ دەڕوات و دەمامکی نەبەستووە، ناکرێت بەردەوام تیمێکی پۆلیس بچێت 20 هەزاری لێداوابکات بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی. دوایی دەبێت پۆلیسەکە بۆ ئەو کارە رێگەپێدراو بێت. بۆیە پێویستە رێکارێکی بۆ جێبەجێکردنی دابنرێت و رێنمایی بۆ دەربچێت".
ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا بەستنی دەمامک یەکێکە لە رێگە هەرە کاریگەرەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ریکخراوی تەندروستیی جیهانی داوادەکات هەمووان لە سەروو تەمەنی دوو ساڵەوە لەکاتی چوونەدەرەوە لە ماڵ دەمامک ببەستن و مرۆڤایەتی بپارێزن
rudaw
