نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی دۆخی ئەمنی هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێکی ئاوارەکانی گوڵاڵە و سەعدیەن

نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی دۆخی ئەمنی هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێکی ئاوارەکانی گوڵاڵە و سەعدیەن
زۆربەی ئاوارە کوردەکانی گوڵاڵە و سەعدیە نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. خراپیی دۆخی ئەمنی و ترس لە هێزەکانی ئەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاری رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەیان.

ئەو ترسەی چەند ساڵێک لەمەوبەر هەیانبوو، ئێستایش ماویانە. لە 85٪ـی دانیشتووانی کوردی ئاوارەی گوڵاڵە و سەعدییە نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

تەنیا نەبوونی خزمەتگوزاری نا، بگرە لەو هێزە ئەمنییانەش دەترسن کە بە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام هەفتەی پێشوو 750 خێزانی عەرەبی پارێزگای دیالە گەڕێندرانەوە ناوچەی خۆیان.

سەنا محەممەد، ئاوارەی سەعدیەیە و دەڵێت، ''سەعدیە ژیانی تێدا نییە؛ خزمەتگوزاری نییە، ئاسایش نییە. ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمبووەتەوە. من بڕۆمەوە ماڵم نییە و هەمووی وێران بووە".

مەناهل واحد، ئاوارەیەکی دیکەی سەعدیەیە و دەڵێت، ''ئێمە گەڕاینەوە تەنیا هەفتەیەک ماینەوە، لە ترساندا گەڕاینەوە بۆ کەمپ. سەعدیە ترسناکە".

کەمپی قۆرەتوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیانە و مانگی تەممووزی 2015 بنیادنرا و بەخێرایی 540 خێزانی ئاوارەی سنووری پارێزگای دیالەی تێدا نیشتەجێکرا.

لە ساڵی 2017 بۆ گەڕانەوە گوشار لەسەر ئاوارەکان دروستکراوە و هێشتا 143 خێزانی تێدا ماوە، بەڵام زۆربەی ئەوانەی دەگەڕێنرێنەوە عەرەبن.

ئاوارەیەکی عەرەب دەڵێت، "خەڵکێک چووە ئەوێ تاوەکو لەوێ بمێنێتەوە لە کاتێكدا بارودۆخی داراییان زۆر خراپە، بەڵام کاتێك کە لەوێ کەسێک گەڕایەوە و لەولاش کەسێكی دیکە، خەڵک چاوی لە یەکدی کرد و هەمووان گەڕانەوە. بەڵام ئەوەی دەڵێت لەوێ ماڵیان هەیە، درۆیە. ئەوەی دەڕوات بە خێوەت و پلاستیک شتێك بۆ خۆی دروست دەکات و دادەنیشێت لە شارەبان و سەعدیە و ناوچەکانی دیکە. ئەوە هەڵەیە. لە راستیدا تۆ دەبێت کاتێک بگەڕێیتەوە ماڵت هەبێت و لانیکەم دەسەڵاتێک هەبێت بتپارێزێت و بەرگریت لێبکات. ئەگەر ئەوە هەبێت هەر لە سبەینێوە دەگەڕێمەوە، بەڵام ئەوانەی کە بە هەڕەمەکی دەگەڕێنەوە دیارە کە کەسانێك هەن پشتیان دەگرن و بەرگرییان لێدەکەن، بێگومان بۆ ئەوانە گەڕانەوە ئاساییە".

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆی 539 هەزار 466 خێزانی ئاوارە 450 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاكانی ئەنبار، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و كەركووك. کوردانی ئەو پارێزگایانەش لە ئاوارەیدا ژیان بەسەر دەبەن و ژمارەیەکی کەمیان لە کمپەکاندا دەژین و بەسەر شارەکانی باشووری کوردستاندا دابەش بوون.

بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''یوئێن لە عێراقەوە زانیاریی لەسەر ناوچەکانی شەڕ وەردەگرێت. بەداخەوە ئەمە گرفتە. هەمیشە پێیان دەڵێین کورد ناتوان بگەڕێنەوە، دەترسن، هەڕەشەیان لێدەکرێت، ماڵ و موڵکیان زەوت دەکرێت و فەرمانبەری حکومەتی هەرێمن مەترسییان لەسەر ە، بەڵام ئەوان گوێ لە عێراق دەگرن".

2014 ساڵی جەنگ و ئاوارەبوون بوو لە عێراق. ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە 55 کەمپی سنووری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی و گەرمیان گیرسانەوە.

ئێستا حکومەتی بەغدا بەشێکی زۆری ئاوارەکانی گەڕاندووەتەوە و 55 هەزار خێران مانەتەوە کە لە 95٪ـی ئاوارە گەڕێندراوەکانیش عەرەبن.




rudaw
Top