خۆپێشاندەرانی کەلار ئاگریان لە قایمقامییەتی شارەکە بەردا
پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە خۆپێشاندەرانی کەلار کە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین هاتبوونە سەر شەقام، بەرەو قایمقامییەتی کەلار رۆیشتن و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا. تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڵام لەنێو باڵەخانەکەدا ئۆتۆمبێلێک دەبینرێت و دەسووتێت.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، ناوە ناوە لە نزیک قایمقامییەتی کەلار دەنگی تەقە دەبیسترێت و خۆپێشاندەرانیش لەبەردەم باڵەخانەکە ماون و تاوەکو ئێستا شوێنەکەیان چۆڵنەکردووە.
هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی شارەکە ئێستا لە نزیک باڵەخانەی قایمقامیەتن و بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کردووە.
هەندێک لە خۆپێشاندەران کە لەنزیک قایمقامییەت بوون رێگەیان لە ئامبووڵانسێک گرتووە کە نەخۆشی پێبووە، شۆفێری ئامبووڵانسەکە بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە خۆپێشاندەران هێرشییان کردووەتەسەر و بەردیان تێگرتووە و جامی ئۆتۆمبێلەکەیان شکاندووە و رێگەیان نەداوە ئامبوڵانسەکە بڕوات
rudaw
