قایمقامی شنگال: لە چیای شنگال 70 کەس لەناو زیندانی نهێنیی پەکەکە دان
لەمبارەوە مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، ئەمڕۆ شەممە 2020.8.22 ڕايگەیاند: "پەکەکە لە چیای شنگال زیندانی نهێنیی هەیە و 70 هاووڵاتیی ئێزدیش لە سنووری چیای شنگال بێسەروشوێن بوون و بە گوتەی کەسوکاریان کە لە چارەنووسیان پرسیونەتەوە، دەڵێن لەناو زیندانی نهێنیی پەکەکە دان".
قایمقامی شنگال ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی جێگەی داخ و نیگەرانییە، ئەو ڕەوشەیە کە دوای ئەوەی خەڵکی شنگال تووشی ماڵوێرانی و جینۆساید و ئاوارەبوون بوونەوە، کەچی ئێستاش گۆڕی بەکۆمەڵ و زیندانی نهێنی لە چیای شنگال دروست بکرێت".
لە ساڵی 2014 و لەو کاتەدا کە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال، جیا لە شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی 360 هەزار هاووڵاتیی ئێزدی ئاوارە بوون، کەچی ئێستاش پەکەکە و گرووپەکانی سەر بەو پارتە هاتوونەتە سنوورەکە و هەتا ئێستاش لە سنوورەکە ماون و زۆر جار جڤاتی ڕۆحانیانی ئێزدی و ئیدارەی شنگال و خەڵک داوایان لە هێزە نایاساییەکان کردووە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن و سەقامیگیری و ژیانی خەلک تێک نەدەن، بەڵام هیچ گوێیان نەداوە.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لەناو کوردانی شنگال و بەتایبەتی ئاوارەکانی چیای شنگال، لەدژی کردەوەکانی پەکەکە و ئازار و ئەشکەنجەی خەڵک چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایی ڕێک خراوە و داوایان کردووە پەکەکە سنوورەکە جێ بهێڵێت، بەڵام لە بەرانبەردا پەکەکە جیا لەوەی وەڵام ناداتەوە، بەڵکوو هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و چەندین چالاکوانی ئێزدیشی دەستگیر کردووە و هەڕەشەی لێ کردوون.
باسنيوز
