جەبار یاوەر: رێککەوتن لەگەڵ عێراق بۆ دانانی شەش بنکەی هاوبەش نەکراو

جەبار یاوەر: رێککەوتن لەگەڵ عێراق بۆ دانانی شەش بنکەی هاوبەش نەکراو

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی دامەزراندنی 6 بنکەی هاوئاهەنگی گەیشتوونەتە لێکەتێگەیشتنی هاوبەش، بەڵام هێشتا رێککەوتن نەکراوە و هیچ فەرمانێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەوبارەوە نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بنچینەی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بڕیارە 6 بنکەی هاوئاهەنگی دروستبکرێن کە لە بەغدا، هەولێر، دیالە، کەرکووک، مەخموور و موسڵ دەبن.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی هەیە لێکتێگەیشتنی هاوبەشە و هێشتا هەندێک شت هەیە ماوە یەکلایی بکرێتەوە، لەوانەش: دەستنیشانکردنی شوێن و پێکهاتەی تەواوی ئەو بنکانە لەو شوێنانەی ئاماژەیان پێکرا.

بە گوتەی جەبار یاوەر، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی نێوانیان ئەو بابەتانە باسبکرێن.


rudaw
Top