ئیدارەی گەرمیان سزای ئەو کارگانە دەدات کە رێڕەوی رووباری سیروان دەگۆڕن

ئیدارەی گەرمیان سزای ئەو کارگانە دەدات کە رێڕەوی رووباری سیروان دەگۆڕن
ئیدارەی گەرمیان بۆ رێگریکردن لە تێکدانی رێڕەوی رووباری سیروان و پاراستنی ژینگەی دەورووبەری سزای قورس دەخاتە سەر کارگەکانی دەرهێنانی چەو و لم.

بەروونی کاریگەریی کارگەکانی چەو و لم لەسەر رووباری سیروان و گۆڕینی رێڕەوەکەی دەرکەوتووە. کارگەکان لە بەرامبەر بەکرێگرتنی چوار بۆ شەش دۆنم زەوی لەسەر رووباری سیروان بۆ ماوەی ساڵێک بڕی سێ ملیۆن 750 هەزار دینار دەدەنە حکومەت. سێ ملیۆن و 750 هەزار دیناری دیکەش وەک بارمتەی یاسایی لە خاوەن کارگەکان وەردەگیرێت.

هەر کارگەیەکی دەبێت چاودێرێکیان هەبێت مانگانە راپۆرت بدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان. کارگەکان مانگانە بڕی 120 هەزار دینار دەدەنە چاودێرەکان.

ئەحمەد محەممەد، خاوەنی کارگەی چەو و لمە و دەڵێت، ''شەش دۆنممان بۆ دەبڕن و بەشمان ناکات. کاتێک گەڵابەکانمان دەچنە نزیکی چەمەکە وێنەمان دەگرن و دەیبەن بۆ جیۆلۆجی؛ مانگ نییە غەرامە نەکرێین. مەوادیش پارە ناکات. رۆژ لە دوای رۆژ زیان دەکەین".

پێدانی مۆڵەتی دەرهێنانی چەو و لم و دیاریکردنی سنووری کارگەکان بە دەستی سەرۆکی یەکەی ئیداری، فەرمانگەی ژینگە، پۆلیسی دارستان، کشتوکاڵ، رێگاوبان، نەوت و کانزاکان و هەندێک جار شوێنەواریشە.

قایمقامی کەلار بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بەهۆکاری تێکچوونی سرووشتی رووباری سیروان دەزانێت.

شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''پار لەگەڵ نەوت و کانزاکان کۆبووینەوە و بڕیارماندا کارگەی نوێ نەکرێتەوە، بەڵام نەوت و کانزاکان دوای بڕیارکە مۆڵەتی بە کارگەیەک دا و، بەشی جیلۆجیی خۆیان دارستان بۆ کارگەکان دیاری دەکەن بۆ ئەوەی بیبڕن".

لە ساڵی 2011وە بڕیاردراوە کارگەکان بگۆڕدرێن بۆ کاری هاڕینی بەرد، بەڵام تەنیا چوار کارگە بڕیارەکەیان جێبەجێ کردووە. پاساوی خاوەن کارگەکان تێچوی زۆری دانانی کارەگەی هاڕینی بەرد بۆ ساغ نەبوونەوەی چەو و لمەکەی دەگەڕێننەوە، بەڵام حکومەت مۆڵەتی کارکردن بۆ ئەو کارگەکانە نوێ ناکاتەوە کە هێشتا کارگەکانیان نەگۆڕیوە.

یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە تەنیا لەوە بەرپرسە کە لە سنووری خۆیدا کاربکات، لە دەرەوەی ئەوە مەواد هەڵبگرێت سزای دەدەین. ئێمە لە بڕینەوەی دار بەرپرس نیین".

لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگی ڕابردوودا 44 سه‌رپێچی له‌سه‌ر 25 خاوه‌ن كارگه‌ی چه‌و و لم لەلایەن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌وت و كانزاكانی گه‌رمیانەوە تۆماركراوه.

بڕی 83 ملیۆن 326 هەزار دینار وەک سزا لە خاوەن کارگەکان وەرگیراوە. هەندێکیانش بۆ ماوەی مانگێک کارگەکەیان پێ داخراوە. ناچاریشکراون هەموو ئەو گۆمانە پڕبکەنەوە کە لەسەر رووبارەکە دروستیان کردوون و لەسەر رووبارەکەش دار بچێنن.

rudaw
Top