نەخۆشیی ئۆتیزمی هەیە و دەتوانێ رۆژژمێری 100 ساڵ بژمێرێت

نەخۆشیی ئۆتیزمی هەیە و دەتوانێ رۆژژمێری 100 ساڵ بژمێرێت
مێهران موختارییان مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵانە لە شاری مەریوان. ئەو خاوەن بەهرەیەکی تایبەتە و دەتوانێ راستەوخۆ هاوتای رۆژژمێرە جیاوازەکان لە 50 ساڵی رابردووەوە تاوەکو 50 ساڵی داهاتوو بڵێت. هەروەها یەکسەر وەڵامی دروستی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لەبارەی رۆژانی هەفتەی رێککەوتەکان لێی دەکرێن.

مێهران رۆژ و رێککەوتی زۆربەی بۆنەکان دەزانێت. ئەو نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە. کەسوکارەکەی دەڵێن، ئەگەر هاوکاری بکرێت، تواناکانی زۆر گەشە دەکەن. ئەو بە هەڵکەوتەی رۆژژمێر ناسراوە. توانایەکی کەم وێنەی لە هاوتای خێرای رێککەوتەکان هەیە. هەر رێککەوتێکی زایینی پێ بڵێی، هاوتا هەتاوی و مانگییەکەت پێ دەڵێت. یان بە پێچەوانە. هەروەها ئەگەر پرسیاری رۆژی رێکەوت و بۆنەکانی لێ بکرێ، دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە.

موختار موختارییان، باوکی مێهران دەڵێت، مێهران نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە. تاوەکو پێنج ساڵی نەیتوانیوە قسە بکات، بەڵام دواتر بە چەند شێوەیەک هەوڵیانداوە کە بیهێننە قسە، یەکێک لەوانە رۆژژمێر و لەبەرکردنی ساڵەکان بووە.

مێهران کە زمانی کراوەتەوە، توانای ئەو بۆ لەبیرمانی رێککەوت و رووداوەکان دەرکەوتووە، جگە لەوە لە خوێندنی قوتابخانەشدا کەسێکی بە توانایە، ئەوەی کە پێی دەڵێن، هەر لەوێ فێری دەبێت. کەسوکارەکەی دەڵێن، تواناکەی مێهران تاوەکو ئێستا هەروەک بەهرەیەکی سەرنجڕاکێش ماوەتەوە.

مێهران لە ئاستی ئێراندا کەسێکی ناسراوە، بەتایبەت دوای بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران کە تایبەتە بە کەسانی خاوەن بەهرەی تایبەت. ئەو لەوێ باشترین خاڵەکانی بەدەستهێنا و پشتگیری زۆری لێکرا، بەڵام هیچیان نەبوونەتە هۆی ئەوەی کە دامودەزگە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ لە توانا تایبەتییەکەی بدەنەوە و گەشە بە بەهرەکەی بدەن.


rudaw
Top