راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ هۆکاری گرژییەکانی زاخۆ بوون

راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ هۆکاری گرژییەکانی زاخۆ بوون
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تۆمەت ئاراستەی لایەنگرانی "نەوەی نوێ و پارتی کرێکارانی کوردستان" دەکات و دەڵێت، خۆپیشاندانی شۆفێرانی بارهەڵگرییان بەلاڕێدا بردووە و هەندێکیان چەکداربوون و تەقەیان کردووە.

دوای بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە رێگە بە شۆفێرانی تورکیا دەدات لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بێنە هەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو بەشێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندانیان کرد و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆکیش، 61 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

بەگوتەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، 18 کەس لە خۆپێشاندانەکەی زاخۆ کە شەوی چوارشەممە ئەنجامدرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، دوای لێکۆڵینەوەش دەرکەوتووە تەنیا چوار کەسیان شۆفێربوون و ئەوانی دیکە بۆ بە لاڕیدابردنی خۆپیشاندانەکە بەشدار بوون.

لەبارەی زیانی ماددی خۆپێشاندانەکە، راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە 26 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیان زیانیان پێگەیشتووە، هاوکات دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان "باوەڕی بە ئازادیی رادەربڕین هەیە".

لە راگەیێندراوەکەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە خۆپێشاندانەکەدا، 61 کەس لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و چوار هاووڵاتیی سڤیل برینداربوون کە یەکێکیان منداڵ بووە، "هەروەها لەلایەن هێزە ئەمنییەکان 18 کەس دەستگیرکراون کە چەکیان هەڵگرتبوو و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".

دەربارەی داواکاریی شۆفێری بارهەڵگرەکان، بە گوتەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون دەکات، "ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە دەروازەی ئیبراهيم خەليل خاڵێکی گواستنەوەی نێودەوڵەتییە بەپێی پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتی و ناخۆییەکان".




rudaw
Top