بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنەکەی دەداتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنەکەی دەداتەوە
دوای ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رەخنەی تووندی لە بڕیاربەدەستانی بزووتنەوەکە گرت، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی دایەوە و رایدەگەیێنێت، دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتمانی و بە بەشداریی هەمووان دەدرێت و بەشداریکردن لە حکومەت بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بووە.

رۆژی پێنجشەممە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەشداریی تیمی گۆڕان لە حکومەت بە بەشدارییەکی شەرمنانە ناودەبات و کشانەوە لە حکومەت بە پێویست دەزانن، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەکەن و هۆشداریی دەدەن لەوەی کە ئەگەر گوێ لە داواکارییەکانیان نەگرن لەگەڵ "بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەگەنە بنبەست".

لە وەڵامدا گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکی سەرھەڵدانیەوە ھێزێکی سیاسی و مەدەنیە و، پایەکانی لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییە و دەستووری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردووە. بەردەوام روانین و دیدگای جیاواز ھەیە و "ئەمەش سەلمێنەری زیندوویەتی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەیە".

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان جەختدەکاتەوە کە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە و رایدەگەیێنێت، بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتمانی و بە بەشداریی هەمووان دەدرێت، نەک یەک ئۆرگان.

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی نیشتمانی، گوتەبێژی گۆڕان دەڵێت، ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و کاری لەسەر دەکرێت.

گوتەبێژی گۆڕان لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە پێشنیاز و پرۆژە و دیدگای جیاواز دەکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومی.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دوو داوکاریی سەرەکی هەیە کە یەکەمیان کشانەوەیە لە حکومەت و داواکاریی دووەمیش بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانییە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکە.



rudaw
Top