یونسکۆ پشتیوانی بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەردەبرێت

یونسکۆ پشتیوانی بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەردەبرێت
نوێنەرى عێراق لە یونسکۆ پشتیوانی و هاوکاری رێکخراوەکەیانی بۆ خوێندنی باڵای ساڵی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، راسپاردەکانی رێکخراوی یونسکۆ لە وەزارەتەکەی جێبەجێدەکرێن.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کورستان، ئەمڕۆ د. ئارام محەممەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و پڕۆفیسۆر د. مەحموود شاکر ئەلمولا خەلەف، نوێنەری ھەمیشەیی حکومەتی عێراق لە رێکخراوى یونسکۆ کۆبوونەتەوە.

خەلەف رێکارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ پرۆسەی خوێندن لەسەردەمی پەتای کۆرۆنا بەرز نرخاند و پشتیوانی و ھاوکاری خۆی و رێکخراوەکەی بۆ پلان و ستراتیژیی وەزارەت بۆ خوێندنی ساڵی داھاتوو لە هەرێمی کورستان دەربڕی.

د. ئارام محەممەد قادر رایگەیاند، راسپاردەکانى رێکخراوى یونسکۆ لە خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان رەچاودەکرێن و بەهەند وەردەگیرێن و سوپاسى رێکخراوەکەشى کرد بۆ ئەو هاوکارییانەى لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا پێشکەشى پڕۆسەى خوێندنی لە هەرێمی کوردستان کرد.

پڕۆفیسۆر د. مەحموود شاکریش ئامادەیى و پشتیوانى خۆى دەربڕى بۆ هاوکاریکردنى زیاترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەهەموو کارەکانى داهاتوویدا، بە تایبەت لە پرۆسەى خوێندن و بۆ چۆنیەتى بەردەوامبوونی خوێندن لەسەردەمى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنادا.

د. ئارام و د. مەحموود باسیان لەو پلان و ئەگەرانە کرد کە بۆ ساڵى خوێندنى 2020 - 2021 لە پڕۆسەى خوێندن جێبەجێدەکرێن؛ هەڵسەنگاندنیش بۆ کارەکانى رابردووى نێوان هەردوولاکرا، لەو بارەیەوە نوێنەرەکەى یونسکۆ جەختیکردەوە بۆ ساڵى خوێندنى 2020 - 2021 هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵی هەرێمی کورستان دەبن.


rudaw
Top