ته‌ندروستی جیهان هۆشداری له‌ دۆخی كۆرۆنا له‌ عێراق ده‌دات

ته‌ندروستی جیهان هۆشداری له‌ دۆخی كۆرۆنا له‌ عێراق ده‌دات
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگه‌یاند، به‌هۆی په‌تای کۆڤید 19 عێراق لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەوەی لە ناو کۆمەڵگادا تەشەنە نەکات، خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ، بەستنی دەمامك و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی "WHO" جه‌ختی كرده‌وه‌، هەرچەندە ژمارەی تووشبووانی کۆڤید 19 لە هەڵکشانێکی لەڕادەبەدەر و مەترسیدار دایە، کە بەم زووانە ئه‌گه‌ری روودانی قەیرانێکی تەندروستیی ترسناکیشی هه‌یه‌، بەڵام عێراقییەکان هێشتا دەتوانن بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بن، بە مەرجێك بە وریاییەوە بە رێوشوێنە تەندروستییەکانەوە پابەند بن، وەك: خۆدوورگرتن لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ، بەستنی دەمامك و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی کە بە باشترین شێواز دادەنرێن بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە له‌ناو کۆمەڵگا لەسەر ئاستێکی فراوان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: تەشەنەکردنی ئەم پەتایە بەم ئاستە مەترسیدارە بووەتە مایەی ئیفلیجکردنی سیستەمی تەندروستی، کە هەر خۆی پێشتریش بەهۆی ساڵانێکی زۆری شەڕەوە تووشی لاوازی ببوو. لەراستیدا، سەرەڕای دۆخی خراپی سیستەمی تەندروستیش، خزمەت و فریاکەوتنەکانی کارمه‌ندانی بواری تەندروستی، بە تایبەتیش لە مانگە سەرەتایەکانی پەتاکە، مایەی دەسخۆشی و شانازی بوون. بەڵام بەداخەوە لەم مانگانەی دواییدا دۆخەکە، بەهۆی چەند هۆکارێکی وه‌ك شلکردنی رێکارەكانی خۆپارێزی و گوێنەدانی خەڵك، یانیش جێبەجێنەکردنیان بەشێوەیەکی زۆرەملێ، بەرەو خراپتر چووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، دوای 175 رۆژ لە سەرهەڵدانی پەتایەکەوە مەترسیی دۆخەکە لە رێگەی شیکارێکی ژمارەکانی رۆژانە بەڕوونی دەردەکەوێت،. بە پشت بەستن بە داتایەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش، تا 16ی ئابی 2020، ژمارەی که‌یسەکانی تووشبوون گەیشتوونەتە 175 هەزار مردنیش سنووری 5هه‌زار و 800 كه‌سی تێپڕاندبوو. لەلایەکی دیكه‌وه‌، داتاکان بەروونی ئەوە نیشان دەدەن، کە لە 98%ی که‌یسەکان لەم 3 مانگەی دواییدا تۆماركراون. هەروەها 44 هەزار حاڵه‌تیش لە عێراق چالاکن، کە نزیکەی لە 90% یان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و 9 هەزاریشیان کارمه‌ندانی بواری تەندروستین. شیکاری وردتری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە عێراق ئەوە نیشان دەدات، کە ئێستا چەندین ناوچەی ئه‌و وڵاته‌ بەدەست تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگاوە دەناڵێنن. لەڕاستیدا، دۆخی مەترسیدار پێویستی بە رێکاری توندوتۆڵ هەیە.

رێكخراوه‌ جیهانییه‌كه‌ دووپاتیشی كرده‌وه‌، هەرچەندە شیکاری بارودۆخی کۆڤید 19 لەو وڵاته‌ کە لە لایەن رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (رێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف) تۆماركراون، دەرخەری ئەوەیە کە عێراق پێویستە ئامادەیی و فریاگوزاری خۆی بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئەم پەتایە رێك بخات، بۆ ئەوەی بتوانێت تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگا کەم بکاتەوە و ژمارەی رۆژانە دابەزێنێت، بەهەر نرخێکیش بێت رێگری له‌ تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگا بكات. ئێستا بەهۆی نەبوونی پێکوتە و دەرمانی پێویست عێراق تەنها دەتوانێت لە رێگەی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە شەڕی ئەم پەتایە بکات، وەك: بەستنی دەمامك و ئەو رێکارانەی کە کارمه‌ندانی بواری تەندروستی هەمیشە جەختی لەسەر دەکەنەوە، کە پێشتریش چەندان کەس پێیەوە پابەند بوون.

یەکێك لە رێکارە هەرە گرینگەکان بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە، خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ (وەك: ئاهەنگی بووك گواستنەوە، چالاکییە وەرزشی و کەلتوورییەکان). هەر بۆیە پێویستە خەڵك بەهیچ شێوەیەك تێکەڵاوی ئەو شوێنانە نەبن، لە پێناو سەلامەتی خۆیان و خەڵکی دیكه‌. گردبوونەوەی بەکۆمەڵ ناویستانە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو. رێکخراوی تەندروستی جیهانی و چەند ئاژانسێکی دیكه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنی مەترسییه‌كانی ئەو چالاکییە بەکۆمەڵانەیان كردووه‌ و هۆشداریان داوە، هەم سەبارت بە ئەگەری تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و هەمیش توانای وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە. هەڵسەنگاندنەکە ئەوەی دەرخستووە، مەترسییەکە لەم جۆرە گردبوونەوە بەکۆمەڵانەدا زۆر زۆر زیاترە کە تێیدا دووری نێوان کەسەکان زۆر كه‌مه‌. لەلایەکی دیكه‌وه‌، بەگوێرەی ئامۆژگارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهان، به‌ بەستنی دەمامك، دوورمەودایی و دەستشۆردنی بەردەوام، دەتوانن بە رێژەی 75%ی تووشبوون کەم بکەنەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، خانەوادەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسخۆشی لە راگەیاندنەکانی ئەمدواییەی سیاسیی و پیاوانی ئایینی عێراق دەکات، بۆ ئامۆژگاری کردنیان بۆ ئەنجامنەدانی گردبوونەوەی بەکۆمەڵ لە رۆژانی داهاتوودا، چونکە ئه‌گەر بمانەوێت رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ئەم پەتایە بگرین، ئه‌وا هەرگیز نابێت لەم قۆناغەدا رێگە بە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ بدەین. نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە رێنمایی دەکرێت، پابەندە بە هاوکاریکردنی حکومەت لە پلاندانان و جێبەجێکردنی رێکارەكانی خۆپارێزی شانبەشانی راسپاردەکانی دەسەڵاتی تەندروستی.

ئه‌وه‌شی به‌بیر هێناوه‌ته‌وه‌، ئەزموونی وڵاتان ئەوە نیشان دەدات، کە دەتوانرێت پەتای کۆرۆنای کۆڤید 19 کۆنترۆڵ بکرێت و بگرە بەرە بەرە لە ماوەی 2 تا 3 مانگدا جووڵه‌ی ئابووریش وه‌ك خۆی لێ بکرێتەوە، ئه‌گەر وڵاتان گوێ لە ئامۆژگارییەکانی شارەزا بەتوانایەکانی بواری تەندروستیی بگرن. بە دڵنیاییشەوە، عێراق، بە پابەندبوون و ویستی بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و هەوڵی پێکەوەییەوە، دەتوانێت بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بێت


k24
Top