لە بانە سەرتاشێک بووەتە هێمای زاڵبوون بەسەر نەخۆشیدا
سمکۆ کوردستانی حەوت ساڵ پێش ئێستا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن بووە و لەو ماوەیەدا سێ ساڵی سەرەتای لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و چوار ساڵیش هاتووچۆی پزیشک و نەخۆشخانەکانی کردووە تاوەکو توانیی بەسەر نەخۆشییەکەدا سەربکەوێت.
ئەو دوای چاکبوونەوەی، سەرتاشخانەکەی کردووەتەوە و هەلی کاری بۆ کۆمەڵێک کەسی دیکەش رەخساندووە. ئەو کەسانەی کە هاتووچۆی سەرتاشخانەکەی دەکەن دەڵێن، ورە بەرزیی سمکۆ کاریگەریی لەسەر دەورووبەرییەکانیشی داناوە.
سمکۆ کوردستانی رۆژانە چاو لە وێنەکانی ئەو سەردەمە دەکات کە بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە مەترسی لەسەر گیانی بوو، بەڵام بە ورەوە توانیی بەسەریدا سەرکەوێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی. ئەو لەکاتی یاریی تۆپی پێدا نەخۆشییەکەی دەرکەوت و لەو ماوەیەدا بە هەموو تواناوە شەڕی مان و نەمانی لەگەڵ کرد.
سمکۆ کوردستانی، لە شێرپەنجە چاکبووەتەوە و دەڵێت، "لەکاتی راهێناندا دۆخم خراپ بوو و بردیانم بۆ نەخۆشخانە و دوای پشکنین دەرکەوت کە شێرپەنجەی خوێنم هەیە. سوپاسی خوا دەکەم کە دوای حەوت ساڵ توانیم بەسەریدا زاڵ ببم. داوایشم لە تووشبووان ئەوەیە کە ورەیان بەرز بێت، چونکە بە ورەبەرزی دەتوانن باشتر رووبەڕووی شێرپەنجەکەیان ببنەوە".
سمکۆ 20 ساڵە سەری خەڵک چاک دەکات و بەهۆی پیشەکەیەوە لەنێو بەشێکی بەرچاوی خەڵکی بانەدا ناسراوە، بۆیە سەرکەوتنی بەسەر ئەو نەخۆشییە سەختەدا ورەی بە خەڵکی دیکەش داوە.
هادی رەحمانپەنا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "کاک سمکۆ زۆر بە راشکاوی رووبەڕووی تاڵییەکانی ژیان دەبێتەوە. تایبەتمەندییەکی باشیشی ئەوەیە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هاوڕێ و ناسراوەکانی و تەنانەت خەڵکی دیکەشدا هەیە. لەکاتی قسەکردندا ورەبەخشە".
سمکۆ ئێستا ئێستا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی و رۆژانە لەگەڵ هاوکارەکانی سەری خەڵک چاکدەکەن. ئەوانەی پێش نەخۆشکەوتنی لای ئەو سەریان چاکدەکرد، دوای چاکبوونەوە دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ لای و دەڵێن، ئەو ماوە زۆرەی نەخۆشکەوتنی کاریگەریی لەسەر تواناکانی سمکۆ دانەناوە.
سەرتاشخانەکەی سمکۆ ناوی کوردستانە. جگە لە خۆی شەش کەسی دیکەش لەوێ کار دەکەن. هەروەها خەڵکێکی زیاتریشی فێری سەرتاشی کردووە. بەوەش رۆڵی لە کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی هاوشارییەکانیدا هەبووە.
چیرۆکی سمکۆ لە بازنەیەکی بچووکدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە. خەڵک ئەو بە هێمای ورەبەرزی دەناسن.
rudaw
