دۆزینەوەی ڤاکسین؛ بووەتە شەڕی سیاسی، نەتەوەیی و ئابووری
پسپۆڕانی بواری ڤاکسین و تەکنەلۆژیای پزیشکیش هۆشداریدەدەن لە زێدەڕۆیی هەندێک کۆمپانیا و وڵات لە پەلەکردن و کێبرکێی یەکدی.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ئێستا لە جیهاندا کار لەسەر بەرهەمهێنانی 168 ڤاکسین دەکرێت. دەشڵێت کارەکە خەریکە لە کێشەیەکی جیهانییەوە دەبێتە کێبڕکێی نەتەوەیی، بۆیە دەبێت رێگە لە نەتەوەگەریی ڤاکسین بگیرێت.
تیدرۆس ئەدهانوم جیبرەیسووس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: "ئێستا دەستنیشانکردن، چارەسەر و ڤاکسینی نوێ لە رێگەدان، نامانەوێت وڵاتانی جیهان هەڵەکانیان لەو کێبڕکێیەدا دووبارە بکەنەوە. پێویستە رێگە لە بەنەتەوەییکردنی ڤاکسین بگرین".
رووسیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا ڤاکسینی سکوپتینگ 19 بەرهەمدەهێنێت، چین، لە بەرازیل و ئیندۆنیزیا و وڵاتەکەی خۆشی سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینە، هەروەها ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکاش بە هەمانشێوە دەڵێن گەیشتوونەتە قۆناخی سێیەمی دروستکردنی ڤاکسین. هەمووشیان لە چەند وڵاتێکی جیهانەوە پەرە بە دروستکردنی ڤاکسین دەدەن.
دروستکردنی ڤاکسین ئێستا لە جیهاندا بووەتە کێبڕکێی سیاسی و ئابووری. کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای پزیشكی پشکەکانیان سەتان هێندە بەرزبووەتەوە، نرخی هەندێک تاقیگەی زانستیش لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە سەتان ملیار دۆلار
- کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی پشکەکانی 250٪ بەرزبووەتەوە و نرخی ئەو کۆمپانیایە 30 ملیار دۆلارە
- کۆمپانیای ئینۆڤیۆ 350٪ پشکەکانی بەرزبووەتەوە
- نۆڤاکسی ئەمریکی پشکەکانی 358٪ بەرزبووەتەوە
- کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانی پشکەکانی 130٪ بەرزبووەتەوە
- تاقیگەی ڤایزەری ئەمریکی نرخەکەی گەیشتووەتە 219 ملیار دۆلار
- تاقیگەی سانوفی فەرەنسی نرخەکەی 128 ملیار دۆلارە
- تاقیگەی گلاسکۆی بەریتانی گەیشتووەتە 101 ملیار دۆلار
ئەم شەڕە ئابوورییە ترسی لای رێکخراوی تەندروستی جیهانی دروستکردووە. پێیانوایە کێبڕکێی ئەو وڵاتانە بۆ زووتر بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە لەوانەیە کاریگەریی لەسەر کوالێتی ڤاکسین بەگشتی هەبێت.
شرۆڤەکارێکی پزیشكیش دەڵێت:" ئێستا ڤاکسین وەک پێشبڕکێ ئابوورییەکانی بواری وزەی خۆر و ئۆتۆمبێلی کارەبایی لێهاتووە".
حکومەتەکانیش ملیاران دۆلاریان خستووەتە خزمەت کۆمپانیاکانی وڵاتی خۆیان، ئەمەش وایکردووە ڤاکسین لە چارەسەرەوە بەرەو ململانێ بڕوات.
rudaw
