هەرێمی کوردستان ساڵانە 32 هەزار تۆن پێستە هەناردە دەکات

هەرێمی کوردستان ساڵانە 32 هەزار تۆن پێستە هەناردە دەکات
بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و كەمبوونەوەی خواست لەسەر دروستكراوەكانی پێستە لە توركیا و وڵاتانی دیکە، هەناردەی پێستەی هەرێمی كوردستان بە رێژەی 96% كەمبووەتەوە، بەم هۆیەوە نرخەکەی زۆر دابەزیوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی كەرەنتینی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 129 هەزار و 965 تۆن پێستەی خاو و نیمچە خۆشكراو، لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی توركیا، ئیتاڵیا، كۆریای باشوور، ئیسپانیا، پۆلەندا چین و ئەمەریكا كراوە، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 32 هەزار تۆن.

بەپێی داتاكان ساڵ بە ساڵ بڕی پێستەی هەناردەكراوی كوردستان رووی لە كەمی كردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 2016دا 70 هەزار و 101 تۆن پێستە هەناردەكراوە، بەڵام لە ساڵی 2017 بۆ 32 هەزار و 500 تۆن دابەزیوە، لە ساڵی 2018دا 24 هەزار و 350 تۆن، لە ساڵی 2019شدا تەنیا 2 هەزار و 923 تۆن پێستە هەناردەکراوە.

بەپێی ئەو ئامارە، بڕی هەناردەكراوی پێستە لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2016 بە رێژەی نزیكەی 96% كەمیكردووە، بەم هۆیەشەوە بەهاكەی بە رێژەی 84% دابەزیوە.

لە هەرێمی كوردستان پێنج كارگەی خۆشكردنی پێستە هەن (دوو كارگە لە هەولێر، دوو كارگە لەدهۆك و یەک كارگە لەدهۆك)، رۆژانە لە توانایاندایە نزیكەی 12 تاوەكو 13 هەزار پێستەی ئاژەڵ خۆش بكەن و هەناردەی بكەن، بەڵام ئێستا دوو لەو كارگانە وەستاون و سێ كارگەكەش بە رێژەی 30٪ بۆ 40٪ی توانای خۆیان كاردەكەن.

كەمال سەیدۆ، خاوەنی كارگەی دهۆك بۆ خۆشكردنی پێستە، دەڵێت: "بەهۆی كاریگەری قەیرانی دارایی خواست لەسەر پێستە و دروستكراوەكانی پێستە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بەگشتی و توركیا بەتایبەت زۆر كەمبووەتەوە، ئەمەش كاریگەریی راستەخۆی لەسەر كەمبوونەوەی هەناردەی پێستەی كوردستان بۆ توركیا و وڵاتان هەبووە، بەم هۆیەشەوە نرخی پێستە بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە".

كەماڵ سەیدۆ دەڵێت بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و ئەو بارودۆخەی بەسەر توركیا داهات، ژمارەیەک كارگەی گەورەی توركیا مایەپووچ بوون ئەوەش وایكرد خواست لەسەر پێستە كەمبیێتەوە و كەمی خواست نرخی پێستەی زۆر دابەزاند، بۆ نموونە لە ساڵی 2016 كە بازاڕ خۆش بوو کارگەکان كیلۆیەك پێستەی رەشەوڵاخیان بە سێ دۆلار لە قەساب و كۆگاكانی خۆشكردنی پێستەی كوردستان دەكڕییەوە، ئێستا كیلۆیەك بە 50 سەنت دەکڕنەوە.

كارگەکەی كەمال سەیدۆ، یەكێكە لە كۆنترین كارگەكانی خۆشكردنی پێستە لە هەرێمی كوردستان و بەر لە 15 ساڵ دامەزراوە، كارگەكە دەتوانێت رۆژانە 3600 پێستەی مەڕ، 1200 پێستەی بزن و 350 تاوەكو 400 پێستەی رەشەلاخ خۆش بكات.

کارگەکە دوو ساڵ لەمەوبەر رۆژانە 2.400 پێستەی مەڕ و 1000 پێستەی بزن، 350 پێستەی رەشەوڵاخی خۆش دەكرد، دواتر 50%ی بەرهەمەكەی بۆ توركیا، 30%ی بۆ عێراق و 20%یش بۆ ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پۆڵەندا، چین، كۆریا وچەند وڵاتێكی هەناردە دەكرد، بەڵام ئێستا بە وزەی 30%ی پێشتر كاردەكات.

كەمال سەیدۆ، دەڵێت: "ئێستا بەهۆی كەمی خواست رۆژانە 1200 پێستەی مەڕ خۆش دەكەین و تاڕاددەیەكیش وازمان لە خۆشكردنی پێستەی رەشەوڵاخ ‌هێناوە، چونكە بەهۆی گرانی دەستی كار و نرخی كارەبا و تێچووەكانی دیكە، نرخی خۆشكردنی پێستە لێرە گرانترە لە توركیا، بۆیە زیاتر بەشێوەی خاو هەناردەی توركیای دەكەین ".

بەگوتەی کەمال سەیدۆ، پێستەی کوردستان لە دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە، ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە. كەمال سەیدۆ دەڵێت: "خەڵكی كوردستان حەزیان لە گۆشتی ئاژەڵ ناسك و تەمەن بچووكە، بۆیە ئاژەڵەكان لە تەمەنی زوودا سەردەبڕدرێن. بەهۆی شووشتن و كوتانیش پێستی ئاژەڵەکانی كوردستان تووشی نەخۆشی نابێت، ئەم دوو تایبەتمەندیەش وایكردووە خواستی زۆر لەسەر پێستەی كوردستان هەبێت".

لە شاری هەولێر جگە لە دوو كارگەی خۆشكردنی پێستە، پێشتر 8 كۆگای خۆشكردنی سەرەتایی پێستە هەبوون. ئەم كۆگایانە پێستەیان لە قەساب و سەربڕخانەكان دەكڕییەوە، دوای خۆشكردنی سەرەتایی یان بەشێوەی خاو بە كارگەكانیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا دوو لەو كۆگایانە داخراون، ئەوانی دیكەش دوای خۆشكردنی سەرەتایی لە رێگەی مۆڵەتی خاوەن دوو كارگەکەی دهۆك كە مۆڵەتی عێراقیان هەیە، راستەوخۆ بەرهەمەكە بە خاوی هەناردەی توركیا دەكەن.

كەمال جەلال عەبدوڵڵا، خاوەنی كۆگای ئەمیر بۆ خۆشكردنی پێستە لە شاری هەولێر، كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە کاری خۆشكردن و فرۆشتنی پێستە دەکات، دەڵێت: "پێشتر رۆژانە 10 تاوەكو 15 تۆن پێستەی رەشەوڵاخ و مەڕمان لە سەربڕخانەكانی هەولێر و شارەكانی دیكەی عێراق دەكڕییەوە، ئێستا بازاڕ لاواز بووە، رۆژانە تۆنێك تاوەكو سێ تۆن پێستەی رەشەوڵاخ لە قەسابخانەكانی هەولێر دەكڕینەوە، نزیكەی 100 تاوەكو 200 پێستەی مەڕ و بەرخ بۆ ریخۆڵەكەی دەكڕینەوە، بەڵام قەسابەكان لەكاتی كەوڵكردن زۆربەی پێستەكان دەدڕێنن بۆیە بەكەڵكی فرۆشتن نایەت زۆربەی فرێدەدەین".

بە گوتەی كەمال جەلال قازانجی ئەم بازرگانییە زیاتر بۆ بازرگانانی تورکیایە: "بۆ نموونە ئێمە كیلۆیەك پێستەی رەشەوڵاخ بە 200 دینار لە قەسابەكان دەكڕینەوە، دوای خۆشكردنی 30 سەنت لە سەرمان دەكەوێت، ئەو بەرهەمە كۆدەكەینەوە تا دەبێت بە 25 تاوەكو 26 تۆن كە نرخەكەی نزیكەی شەش هەزار و 500 دۆلار لەسەرمان دەكەوێت، گومرگی كوردستان بۆ هەر تۆنێك 50 هەزار دینار وەردەگرێت, بە خەرجییەكانی دیكە بۆ هەر لۆریەك هەزار و 200 دۆلار وەردەگرن، كرێی باركردن و گواستنەوەی بۆ توركیا هەزار و 600 دۆلارە، لەدیوی توركیاش سێ هەزار و 500 دۆلار گومرگ وەردەگرن، واتە بارێك كە نرخەكەی شەش هەزار و 500 دۆلارە، خەرجی ناردنی شەش هەزار و 300 دۆلاری دەچێت. لە كۆتاییەكەی لە هەر بارێك بە گوێرەی نرخی رۆژ 600 تاوەكو 1200 دۆلارمان بۆ دەمێنێتەوە".

ئەو پێستەی دەچێتە توركیا بەشێكی لە ناوخۆی توركیا دەكرێتە پێڵاو و شتی دیكە، پاشان هەناردەی كوردستان و عێراق و وڵاتان دیكە دەکرێتەوە. بەشێكیشی دوای خۆشكردن هەناردەی چین، ئەمەریكا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، كۆریای باشوور و پۆلەندا و هەندێ وڵاتی دیكە دەكرێت.

كەمال جەلال، دەڵێت: "كۆرۆنا كاریگەری زۆری لە سەر بازرگانی پێستە هەبووە، بۆ نمونە لە سەرەتای ئەمساڵدا پێستەی رەشەوڵاخمان لە قەسابەكان بە 500 تاوەكو 600 دینار دەكڕییەوە، ئێستا كیلۆی بە 200 تاوەكو 250 دینار دەكڕینەوە، ئەمە لە كاتێكدایە دوو ساڵ پێشتر كیلۆی بە 900 تاوەكو 1200 دینار بوو".

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە پشتی بە داتای سەربڕینی ئاژەڵ لە كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان بەستووە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا چوار ملیۆن و 113 هەزار و 379 مەڕ و بزن، 665 هەزار و 714 رەشەوڵاخ تەنیا لە كوشتارگەكان سەربڕدراون، پێستەی زۆربەی ئەو ئاژەڵانە هەناردە كراوە، یان بەهۆی بێ بازاڕی و دڕانەوە فڕێدراون.

فیراس سدیق، بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەڵێت: "پێستە یەكێكە لە بەرهەمە گرنگەكانی سامانی ئاژەڵ، پێویستە هاوشێوەی گۆشت و شیر وەك سامانێكی نیشتمانی گرنگی پێ بدەین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی كارگەی دروستكراوەكانی پێستە لە كوردستان، ئەم بەرهەمە بە نرخێكی زۆر هەرزان هەناردەی توركیا دەكرێت، دواتریش دروستكراوانی پێستە بە پارەی زۆر هاوردە دەکرێن".

فیراس سدیق بە پێویستی دەزانێت حكومەت لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە دایبنكردنی زەوی و ئاسانكاری بۆ دامەزراندن و بەخشینی گومرگی و پێدانی قەرزی درێژخایەن، هانی سەرمایەداران بدات كە كارگەی گەورەی دروستكراوەكانی پێستە لە هەرێمی كوردستان دابمەزێنن ".

ئەندازیار مستەفا زوبێر، بەڕێوەبەری هونەری و سەرپەرشتیاری كارگەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، دەڵێت: "هەموو ساڵێك لە پلانی ستراتیژیی وەزارەتمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران یەكێك لە پێشنیارەكان دامەزراندنی كارگەی دروستكراوەكانی پێستە بووە، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ كەسێك بۆ ئەم مەبەستە داواكاری پێشكەش نەكردووە، رەنگبێ هۆكارەكەشی ئەوەبێ وڵاتانی دەوروبەر لەم پیشەسازییە پێشكەوتوون، وەبەرهێنەران ترسیان لەوە هەبێت كە نەتوانن لە نرخ و كواڵێتی كێبڕكێیان بكەن"



rudaw
Top