زانیاری لەبارەی بەشەخۆراكی مانگانە دەخرێته ڕوو
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حكوومهتى هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نەناردنی بەشەخۆراكی مانگانە، پەیوەندی بە حكوومەتی عێراقهوه هەبووە، بەدواداچوونمان كردووە و گرێبەست لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق كراوە و بەم نزیكانە بەشەخۆراكی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت".گ
ئهوهشى خسته ڕوو، ئەو بەشەخۆراكەی دەنێردرێت لە كۆگاكانی ئەوان ناهێڵدرێنەوە، بەڵكوو ڕاستەوخۆ دابەش دەكرێت، گوتیشی: "لە کۆگا خۆراک ڕاناگیرێ هەر کە هات دابەش دەکرێت، بەڵام پێویستە لە تەندروستی پشكنینى بۆ بکرێت و بەغداش ئاماژە بە دابەشکردنی بدات".
وەزیری بازرگانی عێراق ئاشكرای كردووە، هۆكاری دواكەوتنی بەشەخۆراك بۆ كەمیی بوودجەی تەرخانكراو دەگەڕێتەوە، لهمبارهیهوه بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گوتی: "ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی لەسەر پارەكە داوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی ڕۆن و شەكر و برنج و ئارد دەكرێت".
ساڵی 2013 بڕی چوار تریلیۆن دینار بۆ بەشەخۆراک تەرخان کرا، لە ساڵی 2018دا بووە تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار، بۆ ساڵی 2019 بووە تریلیۆنێک و 500 ملیار دینار، ساڵانە بوودجەكەی كەم دەكرێتەوە.
نەوزاد ئەدهەم ڕوونی كردهوه: "داوامان کردووە چاکسازی لە بەشەخۆراکی مانگانە بکرێت، ههروهها گرێبەستکردن لە دەستی ئێمە نییە، بەڵام داوامان کردووە کوالێتیی خۆراکەکە باش بکرێت"، ئاشکراشی کرد، بەشەخۆراکی مانگانە لە 14 بەشەخۆراک بۆ چوار خۆراک کەمی کردووە، کە بریتین لە ئارد و برنج و ڕۆن و شەکر.
بە بڕیاری 986ی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 1997ەوە لە ڕێگەی بریکارەکان خۆراکی مانگانە دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێت، بەڵام بەردەوام ڕەخنە لە جۆر و بڕ و کوالێتییەکەی دەگیرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس، بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.
باسنیوز
