وەزارەتی تەندروستی: ژمارەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا زیاد دەکەین
د. محەمەد قادر، ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیمان لەم قۆناغەدا کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، چاودێری و پێشکەشکردنی چارەسەری پێویستە بەو تووشبوانەی کە لە نەخۆشخانەکاندان".
گوتیشی: "بەھۆی زۆری ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا،خولی ڕاھێنان بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی نەخۆشخانەکان دەکەینەوە کە ڕێنوێنییان دەدرێتێ بەوەی چۆن خزمەتگوزاری تەندروستی و چارەسەر پێشکەش بە تووشبوانی کۆرۆنا دەکرێت و بابەتەکانی خۆپارێزی و پیۆیستییەکان چۆن پێشکەش بەو تووشبوانە دەکرێن، دوای ئەوە بەشێوەی کاتی ئەو پزیشک و کارمەندانە دەگوزارێنەوە سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا".
باسی لەوەش کرد: "ئێستا بەشێوەیەکی کاتی ھەندێ چارەسەری ئاسایی و سادە لە نەخۆشخانەکان وەستێندراون بەڵام بابەتی کوتانی منداڵان و فریاکەوتنی خێرا و بابەتە ھاوشێوەکانی دیکە بەردەوامن".
ئاماژەی بۆ ئەوەش دا "ئەگەر پێویست بکات ژمارەی سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا زیاد دەکەن لەو ڕووەوە گرفتی بیناو شوێنییان نییە و ئەوەی بۆ ئەو بابەتە پێویستە بکرێت زیادکردن و دابینکردنی ژمارەی پزیشک و کەلوپەل و ئامێرەکانی ئۆکسجینە".
باسنیوز
