پەرلەمانتارێکی عێراق: هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی 2021 ڕێك دەكەون

پەرلەمانتارێکی عێراق: هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی 2021 ڕێك دەكەون
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا گرنگیی خۆی دەبێت بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی 2021ی عێراقدا.

د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ئەم رێككەوتنەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە، گرنگی خۆی دەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆكان باش و بنیاتنەر بن بۆ رێككەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی عێراق، بە تایبەتیش لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەردوولا كۆدەبنەوە، تاوەكوو رێكبكەون لەسەر بودجەی 2021، دەبێت رێككەوتنی سیاسیش بكرێت تاوەكو فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكان لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدەن".

بەپێی رێكکارەكان، دەبێت حكوومەتی عێراقی تاوەكوو 15ی 10ی 2020، رەشنووسی بودجە ئامادە بكات و بۆ پەرلەمانی بنێرێت.

سەفار ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی خۆپیشاندانەكان و دەست لەكاركێشانەوەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و دۆخی پەتای كۆرۆنا، یاسای بودجەی 2020 لە عێراق دەرنەكرا.

گوتیشی: ”كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2021 لە نێوان وەزارەتی دارایی و پلاندانان دەكرێت، ئێمەش لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەكی ستراتیژیی فەرعیمان بۆ بودجە پێكهێناوە، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی، لە هەفتەی داهاتوو كاری خۆمان دەكەین تاوەكوو پڕۆژەكە زوو ئامادە بكرێت".

شەوی شەممە 15-8-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و لەو پەیوەندییەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رێککەوتن لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.











باسنیوز



Top