بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی، منداڵی شەهیدێك وێستگەی كارەبای 33KVی شێروان مەزنی بەگەڕ خست
ئەم پرۆژەیە كە یەكێكە لە پرۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن منداڵێكی شەهیدی ناوچەكە، بە ئامادەبوونی هەریەكە لە کەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێكی دیكەی حكوومی، بە رەسمی دەست بە وەگەڕخستنی كرا، بەشێكی بەرچاو لە كێشەی كەمیی كارەبای دەڤەرەكە چارەسەر دەكات كە كێشەیەكی چەندین ساڵەی ئەو دەڤەرە بوو.
بەو بۆنەیەوە مەلا مستەفا بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ كاروباری دەڤەری بارزان، پەیامێكی راگەیاند كە باس لە گرنگیی ئەو پرۆژەیە دەكات، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیەتی:
”دوێنێ کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی پڕشکۆی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەژنی لەدایکبوونی پێشمەرگە و ڕابەری نەتەوەییمان، جەنابی سەرۆک بارزانی، بەشداریمان کرد لە مەڕاسیمی بەکارخستنی وێستگەی (33 کەی ڤی) شێروان مەزن.
کردنەوەی ئەم وێستگەیە لەم کات و ساتەدا، دەستکەوتێکی گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەکی تر پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا لە دەڤەری بارزان و خزمەتێکی شایانی خەڵکی دڵسۆز و بەئەمەکی ئەم دەڤەرە خۆڕاگرەیە.
کەوتنە کاری ئەم وێستگەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی هەردوو ناحیەی شێروان مەزن و پیران سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە ڕووی پێدانی سەعاتەكانی کارەبا و لە ڕووی بەرزبوونەوەی ڤۆلتییەی کارەبا سوودمەند ببن و هەروەها دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو لۆد و پالەپەستۆیەی کە ئێستا لەسەر وێستگەی کارەبای (33 کەی ڤی) مێرگەسۆر هەیە. بەگشتی دەستبەكاركردنی ئەم وێستگەیە، کاریگەریی زۆر باشی دەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کەمیی کارەبا بۆ تێکڕای سنووری قەزای مێرگەسۆر، کە ساڵانێکی زۆر کێشەیەکی سەرەکیی هاوڵاتییانی ئەو سنوورە بووە.
من خۆم شەرەفی ئەوەم هەبووە کە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ئەو دەڤەرە، لە نزیکەوە و بە بەردەوامی بەدواداچوون بکەم بۆ چارەسەری کێشەی کەمیی کارەبا، ئەو پرۆژەیەش بەرهەمی ماندووبوون و خەمخۆریی ئەو کەسانەیە کە ئاواتیان خزمەتکردنی گەل و وڵاتە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێم و جەنابی وەزیر کاک (کەمال محەمەد ساڵح) و تەواوی ستافی پەیوەندار بەم پڕۆژەیە لە وەزارەت، بەڕێز د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، هەروەها بەڕێوەبەر و ستافی کۆمپانیای جێبەجێکار (کۆمپانیای شاندز) کە بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی جوگرافیا و ژینگەی دەڤەرەکە، توانیان ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکی گونجاو و بە ڕێکوپێکی جێبەجێ بکەن، هەروەها سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ هەر یەک لە بەڕێزان (غەفوور ئەحمەد مەلا سوار - قایمقامی مێرگەسۆر، فەیسەڵ حسێن بازید - بەڕێوەبەری کارەبای سۆران، ئەندازیار فارس میرخان - بەڕێوەبەری گواستنەوەی کارەبای هەولێر، بەیان قادر حسێن - بەڕێوەبەری کارەبای مێرگەسۆر) لە بەرامبەر ماندووبوونیان بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم کارە گەورەیە.
بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆزباییم لە دانیشتووانی خۆشەویستی ئەم سنوورە، داواکارم هەموو لایەک خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە بەرامبەر ئەرکی دروست بەکارهێنانی وزەی کارەبای نیشتیمانی، بۆ ئەوەی زیاتر لە پێویست کارەبا بەکار نەهێنن و زێدەڕۆیی تیا نەکرێت و بە شێوەیەکی شارستانییانە سوود لەم وزەیە وەربگرن.
هەروەها هاوشێوەی باشترکردنی دۆخی کارەبا، هەوڵی جددی دەدەین لە داهاتووی نزیکدا، بە سوودوەرگرتن لەم وێستگەیە، تۆڕی کارەبا بگەیەنینە وێستگەی ئاوی بەردەری و لەجیاتی بەكارهێنانی سووتەمەنی، سوود لە وزەی کارەبا وەربگیرێت و کاری پێویست لەو کەرتەشدا ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی کێشەی کەمیی ئاویش چارەسەر بکەین و ڕاکێشانی تۆڕی ئاوی گوندەکان بەرفراوانتر بکەین.
من دڵنیام پشت بە خوا و ئیرادەی بە هێز و دڵسۆزی و خەمخۆریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسانی خەمخۆری ئەم وڵاتە، داهاتوویەکی گەشمان لەپێشە بۆ کوردستانی بەهێز.
- ئاوەدان بێت وڵات و شاد و بەختەوەر بن خەڵكی كوردستانە خۆشەویستەكەمان“
مەلا مستەفا بارزانی
16 – ئاب - 2020
باسنيوز
