خورماتوو.. حەشدی شەعبی دانیشتوانی گەڕەكێكی كوردنشینیان هەراسان کردووە

خورماتوو.. حەشدی شەعبی دانیشتوانی گەڕەكێكی كوردنشینیان هەراسان کردووە
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دانیشتوانی گەڕەكێكی كوردانیان لە شاری خورماتوو هەراسان كردووە و گەنجێكی دیاری دانیشتووی گەڕەكەكەش ئەوە دەخاتە ڕوو، ئەگەری شەڕی گەورە لە نێوان گەنجانی گەڕەكەكە و ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17/8/2020، نەبەز جەهاد، یەكێكە لە گەنجە دیارەكانی گەڕەكی رزگاری شاری خورماتوو، ڕایگەیاند: "لەڕاستیدا چەكدارانی حەشدی شەعبی ماوەیەكە بەتایبەت لە شەواندا بەمەبەستی چوون بۆ سەر مەزارگەی ئیمام عەلی لەسەر چیای هەنجیرە، بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل بەسەر جووتسایدی گەڕەكی رزگاری هاتوچۆیەكی زۆر دەکەن و ئەوەی دەیكەن لەدژی دانیشتوانی ئەو گەڕەكەیە، چونكە دەزانن گەڕەكەكە كوردنشینە و جاری وا هەیە دوای كاتژمێر 12ی شەو دەیان ماتۆڕسكیلیان كە دەنگی سالەنسەكەیان تێك داوە و بەرزیان كردوەتەوە دێن و دەڕۆن و خەویان لە خەڵكیش تێك داوە".

گوتیشی: "ماوەیەكە میلیشیاكانی حەشدی ئەو مەزارگەیەیان لەسەر ئەو چیایە دروست كردووە و خۆ دەتوانن لە رێگایەكی ترەوە برۆنە ئەو شوێنە، بەڵام بەئەنقەست ئەو كارە دەكەن و لە پێش چاوی گەنجە كوردەكان بە ئاڵای حەشدی شەعبییەوە دێن و دەرۆن و سوور دەزانن كە كورد بەو کارە رقیان هەڵدەستێت، میلیشیاکان کردەوەکانیان زۆر خراپە، نەک نەك هەر بۆ كورد، بەڵكوو بۆ تەواوی پێكهاتەكانی تریش".

ئەو گەنجە، ئەوەشی خستە ڕوو: "وەك گەنجانی گەڕەكەكە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، چونكە ئەگەر وا بڕوات، ئەوا رەنگە شەڕێكی قورس لەنێوان گەنجانی گەڕەكەكە و ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی دروست بێت كە بە شەو و رۆژ هاتوچۆیانە بەتایبەت لەسەر جووتسایدی سەرەكیی گەڕەكی رزگاری و بە شێوەیەكی زۆر ناشارستانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل لێ دەخوڕن كە تەنیا مەبەستیانە خەڵك هەراسان بكەن كە ئەوەش نیگەرانیی زۆری دروست كردووە".












باسنیوز



Top