سەلما فاتیح: ماددەی 12ـی تایبەت بە کەیسی تیرۆر لادەب
پرۆژەپێشنیازەکە سزای بۆ رۆژنامەڤانان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دیاریکردووە لەکاتێکدا ناوی کەسانی دیکە بزڕێنن و تۆمەتباربکرێن بە سووکایەتیکردن. تاوەکو ئێستا دادگا پشت بە دوو یاسا دەبەستێ بۆ سزادانی رۆژنامەڤانی ئەلیکترۆنی لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتێک لەسەری.
سەلما فاتیح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئێستا دادگاکان پشت بە دوو یاسا دەبەستن بۆ سزادانی رۆژنامەڤانان، بەتایبەتی رۆژنامەڤانانی ئەلیکترۆنی، "یەکەم یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، یاسای ژمارەی 6ـی ساڵی 2008، دووەم یاسای ساڵی 1969ـی سزادانی عێراقی کە هەردوو یاساکە زیندانیکردنی تێدایە".
پرۆژەپێشنیازەکە لەلایەن بەشێک لە رۆژنامەڤانانەوە رەخنەی لێگیراوە و داوای هەموارکردنەوەی دەکرێت، رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی بە رووداوی گوت: "تێبینییان لەسەر پرۆژە پێشنیازەکە هەیە، چونکە هەندێ بڕگە و خاڵی تێدایە خەڵکی ئاسایی دەگرێتەوە کە لە ماڵەکەیدا شتێک بڵاودەکاتەوە، هەروەها کاری رۆژنامەڤانی و رێکلام و سایتی زانیاریی تێکەڵ کردووە".
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ رێکخستنەوەی پرسی میدیای ئەلیکترۆنیدایە، بەڵام داوادەکات هەموو ئازادییەکانی رۆژنامەڤانی لە کوردستان بەرجەستەبکرێن.
هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی یاساکە دەڵێت، لەسەر ئەوە کۆکین کە پرسێکمان هەیە پێویستی بە رێکخستنەوەیە. "دەمێنێتەوە سەر شێوەی رێکخستنەوەکە و قۆناخەکەی. سەندیکای رۆژنامەنووسان بە بەردەوام لەگەڵ ئەوەدایە تەواوی ئازادییەکان بۆ هەموو میدیایەک لە کوردستان بە هەموو شێوەکانییەوە دەستەبەر ببێت".
لە بەشی کۆیایی پێشنیازە یاساکەدا لەبارەی هۆکارەکانی دەرچواندنییەوە هاتووە، رۆژ بە رۆژ میدیای ئەلیکترۆنی لە کوردستان و جیهان رۆڵ و کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت، ئەمە دەرفەتی بۆ هەموو کەسێک رەخساندووە کە بە ئاسانی دەستی بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و پێگە ئەلیکترۆنییەکان بگات، بۆیە لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە میدیایە بەسەر کۆمەڵگە و لەپێناوی رێکخستنی بواری میدیای ئەلیکترۆنی دروست، ئەم یاسایە دانرا.
پرۆژەپێشنیازەکە لە رۆژی 27ـی تەممووزی 2020 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و زۆربەی پەرلەمانتاران واژۆیان لەسەرکرد، بەڵام دواتر بەشێکیان پەشیمان بوونەتەوە. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێ لیژنەی تایبەتمەند لەماوەی 21 رۆژدا راپۆرتی خۆی لەوبارەوە بداتە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێک لەوبارەوە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەدراوە. جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە چوار رۆژی دیکە مۆڵەت بە لیژنەی پەیوەندیدار بدات بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان، بەڵام ئەگەر لەو وادەیەش ئامادە نەکرا، ئەوکات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات.
RUDAW
