دیندار زێباری: پێویستە راپۆرتەکانی هیومان رایتس وۆچ واقعی بن و پشت بە بەڵگەی دروست و بابەتیانە ببەستن
لەو پەیوەندییە ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.8.16 نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەمان راپۆرت بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە: "پێویستە راپۆرتەکانی هیومان رایتس وۆچ زیاتر واقعی بن و پشت بە بەڵگەی دروست و بابەتیانە ببەستن".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەو پێیەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بە ئازادی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، پێویستە دیدێکی واقعیانەی دەربارەی رەوشی هەرێمی کوردستان هەبێت لە هەموو روویەکەوە و ئەو هەنگاوانەی کە لە بواری حوکمڕانی بەدی هاتوون لەبەرچاو بگرێت. هەروەها ئەو لێدوان و روونکردنەوانە بە هەند وەربگرێت کە لە حکوومەتی هەرێمەوە دەردەچن یان راستەوخۆ ئاراستەیان دەکرێن".
دەقی بەیاننامەکە:
هیومان رایتس وۆچ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک ئاراستە کار دەکەن و ناکرێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا وێنا بکرێت کە لە دیوێکی هەڵەدایە سەبارەت بە پابەندبوون بە بەها نێودەوڵەتییەکان، چونکە حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لە بوونی چالاکوانان دەکات و هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکات لەو رووەوە، هەروەها ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت و ئازادن لە دەربڕینی بیروڕا و رەخنەکانیان و هانی گفتوگۆ دەدات لەگەڵیان.
لەم سونگەوە پێمانوایە پێویستە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ پابەند بێت بە بنەما سەرەکییەکان وەک پشت بەستن بە زانیاری راست و دروست و واقعی لە راپۆرتەکانیدا بەتایبەتی دەربارەی ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان. پێویستە ئاماژە بەو یاسا و رێنماییانە بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان دەرچوونە و حکومەت پێوەی پابەندە لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدا راپۆرتەکە باس لە دەستگیرکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان دەکات، حکومەتی هەرێم ئەم دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە، چونکە دامودەزگا ئەمنییەکان بەپێی فەرمانی دادوەر و رێوشوێنی یاسایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گومانلێکراوان دەستگیر دەکات و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
بەو پێیەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بە ئازادی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، پێویستە دیدێکی واقعیانەی دەربارەی رەوشی هەرێمی کوردستان هەبێت لە هەموو روویەکەوە و ئەو هەنگاوانەی کە لە بواری حوکمڕانی بەدی هاتوون لەبەرچاو بگرێت. هەروەها ئەو لێدوان و روونکردنەوانە بە هەند وەربگرێت کە لە حکومەتی هەرێمەوە دەردەچن یان راستەوخۆ ئاراستەیان دەکرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پابەندبوونی خۆی بە بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دووپات کرۆدتەوە و ئامادەیی گشت هاوکاری و هەماهەنگییەکە لەو رووەوە. پێویستە ئەو راپۆرتانە لەلایەن هیومان رایتس وۆچ و رێکخراوەکانی دیکەوە دەردەچن زیاتر بابەتی بن، چونکە بەشێک لە راپۆرتەکان بە ئاشکراو بە بێ بوونی بەڵگەی درووست بڵاو دەکرێنەوە، هیوادارین هیومان رایتس وۆچ گۆڕانکاریی ورد و قووڵ بە راپۆرتەکەیاندا بکەن بە جۆرێک کە زیاتر واقعی بێت و پشت بە بەڵگەی درووست و بابەتیانە ببەستێت.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
16/8/2020
باسنيوز
