نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە بەکردەییکردنی فیدراڵیزم لە عێراق دەکەینەوە

نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە بەکردەییکردنی فیدراڵیزم لە عێراق دەکەینەوە
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کودستان لە یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا بە ئاماژەدان بە رۆڵی حیزبەکەی له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌كرده‌ييكردنى فيدراڵيزم ده‌كاتەوە.

16ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەمساڵ تەمەنی ئەو حیزبە دەبێتە 74 ساڵ.

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە بەشێكی یادکردنەوەی‌ شەهیدان و پيرۆزبايیکردنە له‌ سه‌رۆك، مه‌كته‌بى سياسى، سه‌ركردايه‌تى، كادیران، ئه‌ندامان، لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتی.

نێچێرڤان بارزانی لە پەیامەکەدا نووسیویەتی، "به‌ شكۆوه‌ يادى رابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزانيى نه‌مر و ته‌واوى سه‌ركرده و تێکۆشەرە دێرینەکانمان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وه‌ك زه‌رووره‌تێكى مێژوويى پارتييان دامه‌زراند و تا دواهه‌ناسه‌يان له‌ كۆڕى خه‌بات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و رێباز و قوتابخانه‌يه‌كى خه‌باتيان بۆ كوردستان و نەوەکانی دوای خۆیان به‌جێهێشت".

جێگری سەرۆکی پارتی هەر لەو پەیامەدا دەڵێت، "پارتى له‌پێناوى مافه‌ ره‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه‌ و خه‌باتى بۆ ديموكراسى و ئازادى و رێكخستنى سيستمى سياسى كردووه‌ كه‌ له‌ سايه‌يدا كوردستان سه‌رفراز بێت". هەروەها دەڵێت "ئێستاش ئه‌ركى پارتى و كادیرانيه‌تى له‌ ڕێگه‌ى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، كار بۆ باشتركردنى ژيانى كوردستانييان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان بكه‌ن، وەک هەمیشه‌ش دەستپێشخەر و سه‌رمه‌شقى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌كاركردنى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان بن بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان".

نێچیرڤان بارزانی، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە، لەو پەیامەیدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش دەکات و دەڵێت "جه‌خت له‌ رۆڵى گرنگ و كاريگه‌رى پارتى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى ماف و شايسته‌‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌كرده‌ييكردنى فيدراليزم ده‌كه‌ينه‌وه"‌.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی‌ جيهان، ناوچه‌كه‌، عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ دۆخێكى سه‌ختدان دەڵێ "دڵنيام به‌ خۆڕاگرى و تێكۆشانيان ئه‌م قۆناخه‌ سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێنين و به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین".



رووداو
Top