بۆ زوو دابەشكردنی مووچە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشدەخرێت
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەپێناو زوو دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ، ئەگەری زۆرە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێشبخرێت. سەرچاوەكە گوتی "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە جیاتی رۆژی چوارشەممە رەنگە بخرێتە دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو یەكلایی بكرێتەوە دابەشكردنی مووچە بە چ شێوازێك بێت ئایا وەك مووچەی مانگی دوو لێبڕین بەرێژەی 21% بۆ زۆربەی فەرمانبەران و بۆ مووچەی پلە باڵاكانیش بەرێژەی 50% دەبێت یاخود گۆڕانكاری بەسەردا دێت".
بەپێی بەدواداچوونەكانی رووداو، وەزارەتی دارایی ئێستا نزیكەی 400 ملیار دیناری بۆ مووچە لەبەر دەستە، لەكاتی گەیشتنی 320 ملیار دیناری پارەی بەغداش سەرجەمی دەگاتە 720 ملیار دینار، بەڵام هێشتا ناتوانرێ مووچەی مانگێك بەبێ لێبڕین دابەشبكرێت، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە، مانگانە پێویستی بە نزیكەی 890 ملیار دینارە.
رۆژی شەممە 15-08-2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "لەسەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن و بڕیاردرا بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت."
چوارشەممەی هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری 2020ی فەرمانبەران بدرێت.
بەڵام بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە (ئەم هەفتەیە) بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت بەپێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە".
رووداو
